لەمیانەی هەڵمەتێكدا لە 12 ویلایەتی ئەڵمانیادا، پۆلیس ژمارەیەك قاچاخچیی دەستگیركرد و دەستیشی بەسەر ملیۆنان یۆرۆدا گرت، گومانلێكراوان نووسراو و ناسنامەی ساختەیان بۆ نزیكەی هەزار كەس كردووە.
داواكاری گشتیی ئەڵمانیا لە بەرلین ڕایگەیاند، لەسەر ئاستی فیدڕاڵی هەڵمەتێكی هەڵكوتانەسەریان ئەنجامدراوە دژ بە گومانلێكراوان بە قاچاخچێتی بە مرۆڤەوە.
لەمیانەی هەڵمەتەكەدا لانیكەم 9 گومانلێكراو دەستگیركراون و دەستیش بەسەر ملیۆنان یۆرۆدا گیراوە، وەك ئەوەی داواكاری گشتی دەیڵێت، پرۆسەكەش لە 12 ویلایەتدا ئەنجامدراوە، بەڵام جەختی زۆر لەسەر هەردوو ویلایەتی بەرلین و براندنبۆرگ بووە، گومانلێكراوە سەرەكییەكان لە ویلایەتی بریمەن و دەوروبەری دەستگیركراون.
نزیكەی 20 كەس تۆمەتی پێدانی ناسنامەی هاوڵاتیی سەر بە یەكێتیی ئەوروپا بە كەسانێك لە ئۆكرانیا و مۆلدۆڤا-یان لەڕێی بەڵگەنامەی ساختەوە ڕووبەڕوو دەكرێتەوە، سەرەڕای خستنەسەركاریان لەڕێی كۆمپانیای كاری كاتی تایبەت بەو قاچاخچییانە لە ناوەندە لۆجیستییەكاندا.
داواكاری گشتی وتیشی، قاچاخچییەكان تۆڕی كۆمپانیای كاركردنی كاتییان بۆ ئەو مەبەستە پێكهێناوە، بەپێی ئەو لێكۆڵینەوانەی تائێستا ئەنجامدراون نزیكەی 1000 كەس لەو ڕێگەیەوە توانیویانە پەیوەندی بە بازاڕی كاری ئەڵمانیاوە بكەن.
هاوڵاتییانی یەكێتیی ئەوروپا لە چوارچێوەی ڕێككەوتنی ئازادی هاتن و چوونی نێوان وڵاتانی ئەندام دەتوانن كاربكەن و نیشتەجێ ببن لە ئەڵمانیا بەبێ پێویستی بەدەستهێنانی مافی مانەوە یان ڕێگەپێدانی كار.
داواكاری گشتی ڕوونیشیكردەوە، قاچاخچییەكان پارەیان لەو كەسانە دەستكەوتووە لە بەرامبەر ساختەكردنی بەڵگەنامە و هێشتنەوەیان و لە ئاكامی هەڵمەت و پشكنینەكاندا، دەستبەسەر زیاتر لە 19 ملیۆن یۆرۆ و زیاتر لە 80 ئەژماری بانكیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا گیراوە، جگە لە خانووبەرە و ئۆتۆمبێلی گرانبەها و كەلوپەلی دیكەی نایاب.