ڕۆژنامەیەك: مەسرور بارزانی باڵەخانەیەكی لە ئەمریكا بە 18 ملیۆن دۆلار كڕیوە

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان

سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان باڵەخانەیەكی بە بڕی 18 ملیۆن دۆلار (1800 دەفتەر دۆلار) لە ئەمریكا كڕیوە و چەندین موڵك و ماڵی دیكەیان لە ئیمارات كڕیوە، وەك ئەوەی ڕۆژنامەی (The American Prospect) بڵاویكردووەتەوە.

بابەتەكە لەژێر ناونیشانی (دەرمانخانەیەكی كاوبۆیی.. جێپەنجەی گەندەڵ لە عێراقەوە بۆ دیلاوێر لە مەیامی) لەلایەن ڕۆژنامەنووس (زاك كۆبلین) ئامادەكراوە و تیایدا دەڵێت، لە ناوجەرگەی (ساوس بیچ)ی سەرەنجڕاكێش لە مەیامی، لە دوورییەكی كەمەوە لە دەریا، دەرمانخانەیەك هەیە كە لەوانی تر ناچێت، گەشتیاران كە كرێمی دژەخۆر و كڵاوی لە پووش دروستكراو لە دەرمانخانەی (cvs) لە شەقامی واشنتۆن دەكڕن “پارەكەیان بۆ پیاوێكی گەندەڵ دەڕوات لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست”.

دەشڵێت، بەهای بیناكە كە دەرمانخانەكەی تیادایە و ڕووبەرەكەی نزیكەی 12 هەزار پێ چوارگۆشەیە، 18 ملیۆن‌ و 300 هەزار دۆلارە.

ساڵی 2019 لەسەر بنەمای تۆماری خانوبەرەی مەیامی، میدیای لۆكاڵی خاوەندارێتیی ئەم بینایەی گەڕاندەوە بۆ كۆمپانیایەكی خانوبەرە لە ڤێرجینیا بەناوی (KLNB)، بەڵام نوێنەری ئەم كۆمپانیایە وتی، “ئێمە خاوەنی ئەو بینایە نین‌ و بەشدارنین لە گرێبەستەكەیدا” وەك ئەوەی لە بەشێكی دیكەی ڕاپۆرتەكەدا هاتووە و ڕوونیدەكاتەوە، بیناكە لەلایەن كۆمپانیایەكی وەهمییەوە لە دیلاوێر كڕدراوە، لە تۆماری دامەزراندنی كۆمپانیاكەدا ناوی خاوەنی ڕاستەقینەی بیناكە كە (مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانە) شاردراوەتەوە.

لە بەشێكی دیكەیدا هاتووە، “بەهۆی نەوت‌ و گەندەڵییەوە، بارزانییەكان بڕێكی زۆر سەروەت‌ و سامانیان كۆكردوەتەوە، بۆ نمونە وەبەرهێنان لە بواری خانوبەرەدا لە كوردستان هی كۆمپانیایەكە كە بەشێوەیەكی نهێنی بەستراوەتەوە بە یەكێك لە براكانی سەرۆك وەزیرانەوە، كە بەهاكەی بە (ملیارێك‌ و 27 ملیۆن) دۆلار ئەژماردەكرێت”.

بەپێی وتەی ئەو ڕۆژنامەنووسە، لە تۆماری خانوبەرەشدا لە دوبەی، وردەكاری لەبارەی سەروەت‌ و سامانی بارزانی لە كۆمەڵگەی بورجی خەلیفەی گرانبەها‌ و دوورگەی (نەخلە) ئاشكرابووە.

ئاماژە بەوەشدەكات، لەبری كەناراوەكانی دوورگەی كایمان، بارزانییەكان بینای ئۆفێسەكانیان لە دیلاوەر هەڵبژاردووە، كە كۆمپانیای (CT Corporation) خاوەندارێتی دەكات، كە لقی ئەمریكای كۆمپانیایەكی هۆڵەندییە بەناوی (Wolters Kluwer)و تایبەتمەندە لەبواری دروستكردنی كۆمپانیای نادیاردا.

لە بەشێكی دیكەی ڕاپۆرتەكەی (زە ئەمریكان پرۆسپێكت)دا هاتووە، “بارزانییەكان موڵك‌ و ماڵی نهێنیی پێویستیان هەیە، كە كۆشك لە كالیفۆرنیا‌ و ڤێرجینیا لەخۆدەگرێت‌ و تائێستا چوارجار لەكاتی شاردنەوەی پارەكانیاندا لە ئەمریكا دەستگیركراون، ئەوان پارەكانیان لە ئەمریكا دەشارنەوە، ئەم خێزانە تەنیا بۆ ئەو چوار موڵكە زیاتر لە (75 ملیۆن) دۆلاریان داوە، ڕەنگە ئەمە تەنیا بەشێكی بچووكی سەروەتە نهێنییەكانی بنەماڵەی بارزانی بێت لە ئەمریكا”.

تیشكدەخاتەسەر ئەوەش كە “بڕیارنەبوو ئەم ناوانە بكەونە بەرچاوی خەڵك، دوای ماوەیەكی كەم لە كڕینی دەرمانخانەكە، كۆمپانیا پارێزەرایەتییەكە ناوی بارزانییەكانی سڕییەوە‌ و لە شوێنی ئەوان ناوی بریكارەكانیان كە پارێزەرێكە بەناوی (كوزین ئوكونور)‌ و (ماسیۆ وینستاین) دانرا، ئەمە چارەسەرێكی نموونەیی نەبوو، بەڵام وایكرد ناوی ئەوان لە تۆماری كۆمپانیا بەناوبانگەكاندا دەرنەكەوێت، ئەمە بەس بوو بۆ هەڵخەڵەتاندنی ڕۆژنامەنووسە لۆكاڵییەكان”.

بەپێی ڕاپۆرتەكە، بارزانییەكان تەنیا بۆ شاردنەوەی پارەكانیان سوود لە كۆمپانیا نهێنییەكانی ئەمریكا وەرناگرن، بەڵكو بەكاریشیان دەهێنن بۆ فریودانی ئیدارەی ئەمریكا، هەردوو كۆشكەكەیان لە كالیفۆرنیا پەیوەندیدارن بە فێڵێك كە لە پەنتاگۆن كراوە، ئەم كۆشكانە ساڵی 2018 لەلایەن كۆمپانیا نادیارەكانەوە لە دیلاوێر‌و ڤێرجینا كڕدراون، لەڕێگەی نوێنەرانی كۆمپانیایەكی پارێزەرایەتیی بچووك، ئەم كۆشكانە لە گەورەترین پرۆسەی كڕینەكان لە مێژووی (بێڤرلی هێڵز)دا، ئەمەش كاتێك ئاشكرابوو كە كەرتی خانوبەرە لە (Variety) ناوی كارمەندەكەی بنەماڵەی بارزانی (هەڤاڵ دۆسكی)ی لەسەر نووسراوی تایبەت بەو موڵكانە ئاشكراكرد.

“هەڤاڵ دۆسكی نێوەندگیر بوو لە پلانێكدا كە تێیدا كڕینی سووتەمەنی بۆ بنكەكانی ئەمریكا لە كوردستان دەدات بەو بەڵێندەرانەی كە سەر بە بارزانی بوون، ئەمەش نرخێكی زیاتر لە نرخی بازاڕی خستە ئەستۆی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا (پەنتاگۆن)، پێدەچێت بە داهاتی ئەو گرێبەستانە پارەی ئەم كۆشكانە دابینكرابێت” ڕاپۆرتەكە وا دەڵێت.

بۆ خوێندنەوەی دەفی ڕاپۆرتەكە بەزمانی ئینگلیزی كلیك لێرە بكە.

بابەتی پێشتر

شەهیدی بۆردومانەكەی ئەمڕۆی فڕۆكەكەی توركیا هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی شەنگالە

بابەتی دواتر

وێنه‌.. هاوڵاتییانى سه‌یدسادق نوێژه‌بارانه‌یان كرد

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بەهای دۆلار بەرزبووەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ لە كاتی داخستنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو، بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار بەرزبووەوە و 100 دۆلار بە…
زیاتر ببینە

وەڵامێك لە هەرێم كەمال ئاغاوە

دەربارەی رووداوی كوشتنی كەسێك لەلایەن هێزە ئەمنییەكان لە هەولێر، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی پەیامێك بڵاودەكاتەوە. هەرێم كەمال ئاغا، سەرۆكی…
Total
0
Share