بەگوێرەی ئەو ئامارانەی بڵاوكراونەتەوە 90 ملیۆن كەس لە ئەمریكا بەشدارییان لە دەنگدانی پێشوەختە كردووە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەو وڵاتە، ئەوەش بە ژمارەی پێوانەیی دادەنرێت.
گەڕانەكانی هەردوو كاندیدە سەرسەختەكەی سەرۆكایەتیی ئەمریكا بە ویلایەتەكانی وڵاتەكەیاندا و كۆكردنەوەی دەنگ بەردەوامییان هەیە، ئامارەكانی ئەو وڵاتەش دەریانخستووە، تا دوێنێ شەممە 31ی تشرینی یەكەم 90 ملیۆن دەنگدەری ئەمریكی بەشداریی پێشوەختەیان لەو پرۆسەیەدا كردووە.
هەروەها ئەوەش خراوەتەڕوو، ژمارەی ئەو كەسانەی بەشدارییان لە دەنگدانی پێشوەختە كردووە 65%ی ئەو دەنگدەرانە پێكدەهێنن كە لە هەڵبژاردنی 2016ی ئەو وڵاتە بەشدارییان كردووە.
بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە ئەمریكییەكان بە دوو ڕێگا پێشوەختە دەنگ دەدەن، ڕێگایەكیان لەڕێی نامەوەیەوە و ڕێگای دووەمیش چونە بنكەی دەنگدانە لە ناوچەكەی خۆیان.
وادەی فەرمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكا 3ی تشرینی دووەمە و ئەو بەروارەش تەنها دوو ڕۆژی ماوە.