داڵکورد.. تاکە یانە کوردییەکەی تۆپی پێی سوید لە پلە حەوتەوە بۆ پلە یەك

ماوەی 17 ساڵە یانەیەکی ڕەنگ کوردستانی لە قۆناغ و خولە جیاجیاکانی تۆپی پێی سوید ‏یاری دەکات، یانەکە لەماوەی ئەو 17 ساڵەدا بە چەندین نشێوی و هەوڵی ناوگۆڕین و ‏کێشەی ئابوریدا تێپەڕی، بەڵام ئێستا لە خولی پلە یەكەكانی سوید یاریدەكات.‏

یانەی داڵكورد دوێنێ گەیشتە خولی پلە یەکەكانی سوید ناسراو بە (‏Superettan‏) و ‏ئێستا یانە کوردییەکە دەیەوێت بگاتە بەرزترین ئاستی خولەكانی تۆپی پێ لە سوید، ‏ئەمساڵیش ئاستێکی ناوازەی پێشکەشکرد.‏

دوێنێ یانەی تۆپی پێی داڵکورد توانی یارییە چارەنووسسازەکەی بەرامبەر بە یانەی گایس ‏لە شاری یۆتۆبۆری بە ئەنجامی 1-1 کۆتایی پێبێنێت، بەم ئەنجامەش یانەی داڵکورد ‏سەرکەوتنی خۆی بۆ خولی پلە یەکەکانی تۆپی پێی سوید (‏Superettan‏) مسۆگەر کرد، ‏هاندەرانی داڵکورد خۆشحاڵن بەوەی کە تەنها یەک هەنگاویان ماوە بۆ خولی پلە ‏نایابەکانی سوید (‏Allsvenskan‏).‏

داڵکورد، یانەیەکە لە وڵاتی سوید، لە 26ی ئەیلوولی 2004 لەلایەن چەند پەنابەرێکی ‏کوردی سوید دامەزرێنرا، لەسەرەتادا لە خولی پلە حەوتەوە دەستیپێکرد.‏

یانەکە کوردانی پارچەکانی کوردستانی کۆکردووەتەوە، لەگەڵ ئەوەش یاریزانی سویدی و ‏ولاتانی دیكەش لە ڕیزی تیمی یانەکەدا وەردەگیرێن.‏

کێشەی ئابوری و گۆڕینی ناوی یانەکە

لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا یانەکە تووشی چەند کێشەیەکی ئابوری بوو، بەهۆیەوە ‏هەوڵێک هەبوو بۆ گۆڕینی ناوی یانەکە بۆ برایەتی، لەگەڵ ئەوەش لۆگۆی یانەکە کە ‏ئاڵای کوردستانە، بگۆڕێت بە بزنە کێوییەک، وەک هێمایەک بۆ سروشتی کوردستان.‏

لە سەرەتای ئەمساڵەوە پێشنیازکرا ناوی یانەی داڵکورد، کە تاکە یانەی بە ناسنامە کوردە ‏لە وڵاتی سوید، بگۆڕێت بۆ برایەتی، ئەمە ناڕەزایەتیی توندی لایەنگران و بەشێک لە ‏دەستەی بەریوەبردنی یانەکەی لێکەوتەوە، بۆیە وەک دەردەکەوێت یانەکە پەشیمانبووەتەوە ‏لە گۆڕینی ناوەکەی و لابردنی ئاڵای كوردستان.‏

گۆڕانکارییەکان تەنها ناوی یانەکە نەبوو، بەڵکو بڕیاربوو لۆگۆکەیان بەتەواوی بگۆڕن ‏کە ئاڵای کوردستانە، بەڵام پێشنیازەکە جێبەجێنەکرا.‏

لەبارەی گۆڕانکارییەکانەوە، شوکری دەمیر، سکرتێری یانەی داڵکورد بە بەشی کوردیی ‏ڕادیۆی سویدی ڕاگەیاندبوو، “بڕیاربوو بە گۆڕینی ناوی یانەکە لایەنگران و هەوادارانی ‏یانەکە زیاتر کۆبکرێنەوە و ڕۆڵی هەبێت لە زیادکرنی لایەنگرانی، بەڵام ئەم پرسە لە ‏کۆنگرەی یانەکە دەرهێنرا”.‏

ئەگەرچی یانەی داڵکورد کۆنگرەی خۆی ئەنجامدا، بەڵام پرسی گۆڕینی ناوەکەی بە ‏‏“برایەتی” باسنەکرا و تەوەری گفتوگۆ نەبوو، بۆیە ناوی یانەکە وەک خۆی مایەوە.

بابەتی پێشتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی: پێویستە ھێزی پێشمەرگە بەخێرایی لە ھەموو ڕوویەکەوە ئامادە و پڕچەک بکرێت

بابەتی دواتر

هەپەگە: هاوكارییەكانی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە بەرامبەر گەریلا جێگیركراون

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share