بافڵ جەلال تاڵەبانی: پێویستە ھێزی پێشمەرگە بەخێرایی لە ھەموو ڕوویەکەوە ئامادە و پڕچەک بکرێت

كۆبوونەوەیەكی بافڵ جەلال تاڵەبانی و فەرماندەكانی پێشمەرگە فۆتۆ: ئەرشیف

بافڵ جەلال تاڵەبانی ڕایدەگەیەنێت، هێرش و پەلامارەكانی ئەم ماوەیەی داعش “بەبێ وەڵام و گورزی پۆڵاین” تێناپەڕێت و دەشڵێت، پێویستە ھێزی پێشمەرگە بەخێرایی لە ھەموو ڕوویەکەوە ئامادە و پڕچەک بکرێت.

بافڵ جەلال تاڵەبانی پەیامێكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە، لە ناخی دڵمانەوە ھاوخەمی و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی کەسوکار و خانەوادەی ئەو پێشمەرگە قارەمان و تێکۆشەرانە دەکەین کە ڕۆڵەکانیان شەوی ڕابردوو لە گوندی (قەرەسالم) لە سەنگەری بەرگریدا شەھیدبوون. ھیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارانی ئەو کردەوە تیرۆرستییانە دەخوازین و ئامادەی خۆمان دووپاتدەکەینەوە بۆ ھەر کارێک و ھاوکارییەک کە لەپێناو چارەسەریاندا پێویست بێت.

سەبارەت بە جموجوڵەكانی ئەمدواییەی داعش-یش دەڵێت، “دڵنیاتان دەکەمەوە کە بەبێ وەڵام و گورزی پۆڵاینی ھێزی پێشمەرگە تێناپەڕێت”.

بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژە بەوەشدەكات، بەندە سەرەڕای ھەموو ئەرکەکانی دیکە، زۆر بەوردی و لە نزیکەوە چاودێری سەرجەم بەدواداچوون، پلان و ستراتیژ و شێوازی نوێی بەرەنگاری و گورزوەشاندن لە تیرۆریستان دەکات.

دڵنیاییش دەداتە هاوڵاتییانی كوردستان و دانیشتوانی ئەو ناوچانە كە لە نزیکترین کاتدا ئەم مەرامانە پوچەڵدەکرێنەوە و “ھێزی پێشمەرگەی کوردستان تۆڵەی دڵۆپ بە دڵۆپی خوێنی شەھیدەکانمان دەکەنەوە و پارێزەری سەروماڵی یەک بەیەکتان دەبین”.

دەربارەی هۆكاری دووبارەبوونەوەی هێرش و پەلامارەكانی ئەمدواییەی داعش، بافڵ جەلال تاڵەبانی هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە “ئەو سنوورانە پێویستیان بە پشتێنەی ئەمنیی تۆکمەتر ھەیە، کە بەھێزی پێشمەرگە دەپارێزرێت و پێویستە بەخێرایی لە ھەموو ڕوویەکەوە ئامادە و پڕچەک بکرێت، ھەر بۆیە لە ئەمڕۆوە ھەنگاوی پێویست دەنرێت، ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بە ھاوکاریی سوپای عێراق و ھێزەکانی ھاوپەیمانانی نێودەوڵەتی ئۆپەراسیۆن و کێوماڵی بەپەلە دەکەن، تاوەکو ئاسایشی ھەرێم و ناوچەکە بپارێزرێت و ڕێگیربکرێت لە ھەر پلانێک کە ئارامی لە خەڵک تێکبدات”.

بابەتی پێشتر

یەحیا ڕەسوڵ: هەماهەنگیمان لەگەڵ پێشمەرگە هەیە بۆ پاراستنی ناوچەكانی نێوانمان

بابەتی دواتر

داڵکورد.. تاکە یانە کوردییەکەی تۆپی پێی سوید لە پلە حەوتەوە بۆ پلە یەك

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share