پەرلەمانتارێكی پێشووی كوەیت وازهێنانی بە یەكجاری لە سیاسەت ڕاگەیاند و هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە سێ جار مۆبایلەكەی هاككراوە.
ناسڕ دوێلە، سیاسەتوان و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوەیت لە تویتێكدا ڕایگەیاند، “بۆسێیەم جار دوای گەڕانەوەم لە توركیا مۆبایلەكەم هاككرا، بەداخەوە هەموو هاككردنەكان بە تەكنەلۆجیای زۆر پێشكەوتوو دەكرێن، من ئێستا سیستمێكی جێگرەوە بەكاردەهێنم بەڵام ئەویش دەكرێت هاكبكرێت”.
دوێلە دەڵێت، “بۆیە وازهێنانم لە كاری سیاسی ڕادەگەیەنم و ئەو ژیانەی ماومە تەرخانیدەكەم بۆ بەهێزكردنی یەكڕیزیی نیشتمانی و ئاشتەوایی، خۆم تەرخاندەكەم بۆ كاری پارێزەری و لە سیاسەت دووردەكەومەوە”.
پێشتر ئەو سیاسەتوانەی كوەیت بەتۆمەتی سووكایەتیكردن بە سعودیە دادگایی كرابوو، دواتر بێتاوانیی ڕاگەیەندرا و ڕووی لە توركیا كرد و ماوەی حەوت مانگ لەو وڵاتە مایەوە.
هۆكاری تۆمەتباركردنی ناسڕ دوێلە دەگەڕێتەوە بۆ پەیامەكانی لە تویتەر كە ڕەخنە لە سیاسەتەكانی سعودیە و ئیمارات لە ناوچەكەدا دەگرێت بەتایبەت شەڕی یەمەن.
مانگی ڕابردوو ناسڕ دوێلە گەڕایەوە بۆ كوەیت و دەڵێت تەنها لەو ماوەیەدا سێ جار مۆبایلەكەی هاككراوە.