سەرەڕای گفتوگۆی نێوان شیعەكان، ئەندامێکی نووسینگەی موقتەدا سەدر ڕێبەری رەوتی سەدر دووپاتیدەكاتەوە، ڕەوتەكە نابێت بەشێک لەهیچ حکومەتێکی تەوافوقی کە لە عێراق پێکبهێنرێت.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراقی لەزاری سادق حەسناوی ئەندامی نووسینگەی ڕێبەری ڕەوتی سەدر بڵاویکردووەتەوە، ئەنجامی دیدارەکانی نێوان موقتەدا سەدر و چێوەی هەماهەنگی، پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشە بۆ بەردەوامیی گفتوگۆکانی نێوانیان.
ڕاشیگەیاندووە، ئامانجی ئەو کۆبوونەوانە گفتوگۆکردنە لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە و بەشداریکردنی چێوەی هەماهەنگی تیایدا دوای ڕەزامەندییان لەسەر ئەو مەرج و پڕۆژە سیاسییانەی موقتەدا سەدر پێشنیازی دەکات.
وتیشی، “چێوەی هەماهەنگی هیچ مەرجێکیان ڕەتنەکردووەتەوە، تائێستاش لیژنەی هاوبەشی هەردوولا پێکنەهێنراوە”.
ئەو ئەندامەی نووسینگەی موقتەدا سەدر ڕایگەیاند، “سەدر خاوەندارێتیی حکومەتی زۆرینە دەکات، بەڵام لە حاڵەتی پێکنەهێنانی حکومەتی زۆرینە وەک ئۆپۆزسیۆنێکی کارا ڕۆڵی خۆی دەگێڕێت لە چێوەی چاودێریی پەرلەمانیدا”.
دووبارە هەڵوێستی ڕەوتەكەشی دووپاتكردەوە بەوەی، “ڕەوتی سەدر نابێتە بەشێک لە هیچ حکومەتێکی تەوافوقی، چونکە حکومەتەکانی پێشوو لاوازبوون و کەموکوڕیی زۆریان تێدابووە لەبەرئەوەی لەسەر بنەمای سازان پێکهێنرابوون”.
جەختیشیکردەوە، ڕەوتی سەدر نایەوێت عێراق ببێتە ماڵی جیا جیا لە شیعە، سوننە و کورد، بەڵکو دەیەوێت هەمووان بە ناسنامەی نیشتمانیی عێراقییەوە هەوڵبدەن بۆ عێراقێك کە هی هەموولایەک بێت.
باسی لەوەشکردووە، ڕەوتی سەدر سەرجەم هێزە سوننی و کوردییەکانیش قبوڵ دەکات، بەڵام تائێستا هیچ هاوپەیمانێتییەک بوونی نییە و هەمووان چاوەڕێی پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانن.