جۆرج كلۆنی 35 ملیۆن دۆلار بەرامبەر كارێكی یەك ڕۆژە ڕەتدەكاتەوە

كلۆنی بە چالاكییەكانی دژ بە گەندەڵی ناسراوە

جۆرج كلۆنی، ئەستێرەی ئەمریكی دەڵێت، بڕە پارەیەكی زۆری یەكێك لە كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی لە بەرامبەر كارێكی تەنها یەك ڕۆژیدا ڕەتكردووەتەوە بەهۆی “باوەڕە جێگیرەكانیەوە”.

كلۆنی لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (گاردیان)ی بەریتانی دەڵێت، 35 ملیۆن دۆلاری ڕەتكردووەتەوە لە بەرامبەر دەركەوتنی لە ڕیكلامێكی كۆمپانیاكەدا، كە ناوی نەهێناوە.

بەبێ ئەوەی وردەكاریی زیاتر ئاشكرابكات وتی، كۆمپانیاكە پەیوەندیداربووە بە وڵاتێك كە سەرەڕای ئەوەی هاوپەیمانی ویلایەتە یەكگرتووەكانە، بەڵام هەندێكجار “جێگەی گومانە”، بۆیە پاش گفتوگۆكردنی لەگەڵ ئەمەل كلۆنی، هاوسەر و پارێزەری مافەكانی مرۆڤ بڕیاریداوە بە ڕەتكردنەوەی كارەكە بەهۆی پێچەوانەبوونی لەگەڵ “باوەڕە جێگیرەكانیەوە”.

كلۆنی بە چالاكییەكانی دژ بە گەندەڵی ناسراوە، لەو پێناوەشدا ڕێكخراوی (زە سێنتری) لە ساڵی 2015 دامەزراندووە كە شارەزایانی دارایی، پارێزەران، پۆلیسی پێشوو و ڕۆژنامەنوسی بنكۆڵكاری لەخۆدەگرێت.

لە ساڵی 2019 رێكخراوەكە ڕاپۆرتێكی لەژێر ناونیشانی “دەستگرتن بەسەر باشووری سۆدان” بڵاوكردەوە و تیایدا ژمارەیەك لە خاوەنكار و كۆمپانیا فرەڕەگەزەكان تۆمەتباردەكات بەوەی “سودمەندن لە جەنگ” و تێوەگلاوەن لەگەڵ كەسایەتییە سیاسی و سەربازییەكانی باشووری سۆدان بۆ “تێكدانی نوێترین وڵاتی جیهان”.

بابەتی پێشتر

ڕەوتی سەدر: نابینە بەشێک لەهیچ حکومەتێکی تەوافوقی لە عێراق

بابەتی دواتر

نیشانەکانی کەمخوێنی و کاریگەریی لەسەر جەستەی مرۆڤ

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share