هەسارۆچكەیەكی تاڕاددەیەك گەورە لە هەسارەی زەوی نزیكدەبێتەوە و ئەگەری هەیە لە 11ی ئەم مانگە بە نزیك خولگەی زەوی تێپەڕێت، بەپێی توێژینەوەیەك كە ماڵپەڕی (سینس ئەلێرت) بڵاویكردووەتەوە.
هەسارۆچكەكە ناوی (نیریس 4660)ــە و “سەردانكەرێكی دووبارە”ی بۆشایی ئاسمانی نزیك لە زەوییە، تیرەكەی 330 مەترە.
هەسارۆچكەكە بە نزیك خولگەی زەویدا تێپەڕدەبێت بە دوورییەكی تاڕاددەیەك سەلامەت كە دەگاتە 3.93 ملیۆن كیلۆمەتر، واتە نزیكەی 10 هێندەی دووری نێوان زەوی و مانگ، بەپێی ماڵپەڕەكە.
بەڵام بەهۆی قەبارەی و دوورییەكەی لە زەوی، نیریس 4660 وەك تەنێك كە “ئەگەری هەیە مەترسیدار بێت” ناونراوە.
ئەو ناونان و پلەبەندییە هەر هەسارۆچكەیەك دەگرێتەوە كە لە دووری 7.48 ملیۆن كیلۆمەتری خولگەی زەوی تێپەڕێت و، تیرەكەی گەورەتربێت لە 140 مەتر، بەشێوەیەكی گشتیش چاودێریی ئەم جۆرە هەسارۆچكانە دەكرێت.
چەند هۆكارێك هەن بۆ چاودێریكردنیان، لەوانەش “دڵنیابوون لەوەی لە ڕێڕەوی زانراوی لانادات بۆ ڕێڕەوێكی زیاتر مەترسیدار بۆسەر زەوی”.
بۆ یەكەمجار هەسارەكە ساڵی 1982 دۆزرایەوە، تایبەتمەندییەكی جیاوازی هەیە، نەك لەبەر ئەوەی مەترسیدارە، بەڵكو بەهۆی ئەوەی بەشێوەی دووبارە لە نزیك زەوییەوە دەجوڵێت.
ماڵپەڕەكە ڕوونیدەكاتەوە، خولگەی هەسارۆچكەكە لە دەوری خۆر دەگاتە 1.82 ساڵ، نزیكەی هەموو 10 ساڵ جارێك لێمان نزیكدەبێتەوە، سەرەڕای ئەوەی دەستەواژەی “نزیك” تائێستا “دوورییەكی سەلامەتە” لە ڕوانگەی بۆشایی ئاسمانەوە.
دووریی هەسارۆچكەكە لەگەڵ زەوی لە هەفتەی داهاتووتر، نزیكترینی چەند دەیەی ڕابردوو دەبێت، سەردانە نزیكەكەی داهاتووشی لە ساڵی 2060 دەبێت و ئەوكات دوورییەكەی دەبێتە نزیكەی 1.2 ملیۆن كیلۆمەتر (زیاتر لە سێ هێندەی دووریی نێوان زەوی و مانگ).
لەكاتێكدا هەسارۆچكەكە سەرچاوەی هەڕەشە نییە “باشترە ئامادەبین، بەهۆی ئەوەی دەزانین كە هەندێك لە هەسارۆچكەكان لە ڕابردوودا كاریگەریی گەورەیان كردووەتەسەر زەوی”، وەك ئەوەی ماڵپەڕەكە ئاماژەی پێداوە.