لە ڕووی زانستییەوە.. منداڵان زیرەكی لە دایكیانەوە وەردەگرن!

جگەلە بۆماوە، بوونی پەیوەندییەكی سەقامگیر لەنێوان دایك و منداڵ پەیوەندییەكی پتەوی بە زیرەكییەوە هەیە

توێژینەوەیەكی نوێ گەیشتە ئەو ئەنجامەی بۆماوە (جینات)ی دایك ئاستی زیرەكیی منداڵەكانی دیاریدەكات و، باوكیش ڕۆڵێكی تیایدا هەیە، بەپێی ئەوەی ڕۆژنامەی (زە ئیندیپێندت)ی بەریتانی بڵاویكردووەتەوە.

ئەنجامەكانی توێژینەوەكە ئاماژە بەوەدەكات، دایكان بۆماوە-ی زیرەكی بۆ منداڵەكانیان دەگوازنەوە بەهۆی ئەوەی هەڵگری دوو كرۆمۆسۆمی (X)ن، لەكاتێكدا پیاوان تەنها یەك كرۆمۆسۆمی (X)یان هەیە. هەروەها زانایان پێیانوایە بۆماوەی تایبەت بە ئەركە ژیرییەكان كە لە باوكەوە وەردەگیرێن، پێدەچێت خۆبەخۆ كاریگەرییان پوچەڵ ببێتەوە.

دەشڵێن، جۆرێك لە بۆماوەكان كارناكەن ئەگەر لە دایكەوە نەیەن، لە هەندێك حاڵەتدا لە باوكانیشەوە دێن، بەڵام بۆماوەی زیرەكی پێویستە لە دایكەوە بێت.

مێشكی گەورە و جەستەی بچوك
توێژینەوەیەكی تاقیگەیی كە لەسەر مشكی تاقیگە و ئامادەكراو ئەنجامدراوە دەریخستووە ئەو مشكانەی بڕێكی زیادەی بۆماوەی دایكیان هەبووە بە سەر و مێشكی گەورەوە دەركەوتوون، بەڵام جەستەیان بچوك بووە، لەكاتێكدا ئەو مشكانەی بڕێكی زیادەیان لە بۆماوەی باوكان پێدراوە مێشكی بچووك و جەستەی گەورەیان هەبووە.

توێژەران ئەو خانانەیان دیاریكرد كە تەنها بۆماوەی دایك یان باوكیان تیایە لە شەش بەشی جیاوازی مێشكی مشك و كۆنتڕۆڵی ئەركە ژیرییە جیاوازەكان دەكەن، لە هەڵسوكەوتی خواردنەوە تا دەگاتە یادگە.

زمان و بیركردنەوە و پلاندانان
ئەو خانانەی هەڵگری بۆماوەی باوكن لە چەند بەشێكدا بوون بۆ ئەركەكانی وەك سێكس، خواردن و شەڕكردن، بەڵام توێژەران هیچ بۆماوەیەكی باوكیان لە بەرگی مێشكدا نەدۆزییەوە، كە ئەركە ژیرییە زۆر پێشكەوتووەكان دیاریدەكات وەك زمان، بیركردنەوە و پلاندانان.

بۆ زانینی ئەگەری جێبەجێبوونی ئەو ئەنجامانە لەسەر مرۆڤ، توێژەران لە گلاسكۆ بیرۆكەكانی توێژینەوەكەیان لەسەر مرۆڤ تاقیكردنەوە بۆ زانینی زیرەكییان لەڕێی چاوپێكەوتن كە لەگەڵ 12 هەزار و 686 گەنجی تەمەنی نێوان 14 و 22 ساڵ بەشێوەی ساڵانە و لە ساڵی 1994ەوە ئەنجامدا.

سەرەڕای ڕەچاوكردنی چەندین هۆكار، وەك خوێندنی بەشداربووان، ناسنامە و بارودۆخی كۆمەڵایەتی و ئابوری، توێژەران گەیشتنە ئەو ئەنجامەی باشترین ئاماژەی زیرەكی، ڕێژەی زیرەكیی دایكە.

بەڵام توێژینەوەكان ڕوونیدەكەنەوە كە زانستی بۆماوەیی تەنها سەرچاوەی دیاریكردنی زیرەكی نییە، بەڵكو هۆكاری بۆماوە نزیكەی نێوان 40 بۆ 60%ی دیاریدەكات، بەڵام لە پرسێكی وەك دۆخ و ژینگەی ژیاندا، دەركەوتووە دایكان لەم بەشەشدا ڕۆڵێكی زۆر گەورە دەگێڕن بۆ دیاریكردنی زیرەكی، چونكە بوونی پەیوەندییەكی سەقامگیر لەنێوان دایك و منداڵ پەیوەندییەكی پتەوی بە زیرەكییەوە هەیە.

توێژەران لە زانكۆی واشنتن دەڵێن، پەیوەندی سۆز و خۆشەویستیی سەقامگیر لەنێوان دایك و منداڵ پێویستە بۆ گەشەكردنی هەندێك لە بەشەكانی مێشك.

لەهەمان كاتدا باوكانیش دەتوانن ڕۆڵی پەروەردەیی، بەخشینی سۆز و خۆشەویستی هاوشێوەی دایكان بگێڕن، جگە لەوەی كۆمەڵێك لەو تایبەتمەندییە بۆماوەییانەی دیكەی وەك دركپێكردن و سۆز، كە دەشێت لە باوكەوە وەربگیرێن هۆكارێكن بۆ زیرەكیی زیاتری منداڵان.

بابەتی پێشتر

نرخی دۆلار بەرزبووەوە و دراوەكانی دیكە دابەزین

بابەتی دواتر

كەشناسیی هەرێم: لێزمەباران دەستپێدەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share