لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا ڕەزامەندی لەسەر دامەزراندنی سێ یەكەمەكانی ساڵی خوێندنی 2016-2017 درا، دۆخی پێشمەرگە و دابینكردنی هەلی كار لە كەرتی تایبەت و قەرەبووكردنەوەی جوتیاران لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێكران.
ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی ئەنجامدا.
لە دەستپێکدا سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، بەناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری ئەو پێشمەرگانە کرد کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە ناوچەی گەرمیان، لە ئاكامی هێرشێكی داعشدا شەهیدبوون. سەرۆکی حکومەت وتی، “لەگەڵ هێزەکانی حکومەتی فیدراڵی و هێزەکانی هاوپەیمانان لە پەیوەندیی بەردەوامداین بۆ ڕێگڕیکردن و نەهێشتنی ئەو مەترسییانە بۆسەر هێزی پێشمەرگە و داواش لە حکومەتی فیدراڵی کرا بۆ برەودان بە هەماهەنگیی سەربازی و ئاسایش لەم بوارە تا ڕووبەڕووی ئەم هێرشە تیرۆریستییانە ببینەوە، کە مەترسییەکی گەورەیە لەسەر هەموو لایەک”، وەك ئەوەی لە ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا هاتووە.
پاشان شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری كاروباری پێشمەرگە تیشکی خستەسەر سەردانیان بۆ سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە ناوچەی گەرمیان و ئەو ناوچانەی ڕووبەڕووی هێرشی تیرۆریستانی داعش بوونەتەوە، وەزیری پێشمەرگە ئاماژەی بەوەدا کە ئەو ناوچانە، بۆشایی ئەمنییان تێدایە، لەم ڕووەوە چەند داواکاری و پێشنیازێکی پێشکەشکرد بۆ تۆکمەکردنی زیاتری سەنگەرەکانی پێشمەرگە و دابینکردنی پێداویستیيەکان.
ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە جێبەجێکردنی پێشنیازەکانی وەزیری پێشمەرگە و چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکان و گرفتەکانی پێشمەرگە کردەوە، سەرەڕای گرتنەبەری ڕێکاری پێویست لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگە بە هەماهەنگیی زیاتر لەگەڵ هێزە فیدراڵییەکان و هێزەکانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی، بۆ کەمکردنەوە و سنوودارکردنی دەرفەتەکانی گەشەکردنی داعش لەو ناوچانە کە تەنها مەترسی نین بۆ هەرێم و عێراق، بەڵکو سەرچاوەی مەترسین بۆ ناوچەکە و جیهان بە گشتی.
بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، بريتی بوو لە پێشنیازی دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی سەر ئاستی کۆلێج و بەشەکانی زانکۆ و پەیمانگا حکومییەکان لە دەرچووانی ساڵی خوێندنی 2016-2017 لەسەر میلاکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کە لەلایەن ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی خرایەڕوو. ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دا لە سەرەتای ساڵی نوێی 2022 دابمەزرێن.
لە بەشێكی دیكەی ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ڕاپۆرتێکی دەربارەی دەستی کاری بیانی لە هەرێمی کوردستان و دەرفەتەکانی جێگرتنەوەیان بە دەستی کاری خۆماڵی و پەرەپێدانی ناوەندەکانی وەزارەت لە بواری ڕاهێنانی پیشەیی و هەوڵەکانی وەزارەت لە بواری گەڵاڵەکردنی دوا ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای نوێی کار و پڕۆژەیاسای نوێی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی و بارودۆخی چاکسازییەکان لە هەرێمی کوردستان.
ئەنجومەنی وەزیران، جەختی لە گرنگیی زیاتر ڕەخساندنی هەلی کار کردەوە لە کەرتی تایبەت و دابینکردن و ڕێکخستنەوەی گشت مافە یاساییەکانی کرێکار و کارمەندانی کەرتی تایبەت بەشێوەیەک کە مافی خانەنشینی و بیمە و دڵنیاییان پارێزراو بێت، بۆ ئەم مەبەستەش ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دا بە ڕاسپاردنی لیژنەیەکی تایبەتمەند لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بە سەرپەرشتیی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەم بابەتە، کە جێگەی بایەخی حکومەتە و جێبەجێکردنی ئەو یاسایانەی ئێستا بەرکارن کە هاوکارن لەمبارەیەوە، هەروەها پەلەکردن لە گەڵاڵەکردنی پڕۆژەیاسای کار و خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی نوێ، کە کاری باشی لەسەرکراوە بەجۆرێک کە مافی کرێکاری تێدا پارێزراوبێت و هاندەربێت بۆ ئارەزووی کارکردن لە کەرتی تایبەت و ڕەخساندنی هەلی کاری زیاتر و ڕێکخستنەوەی دەستی کاری بیانی، لەچێوەی ئەو یاسا نوێیانەدا.
لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو پێشنیازێکی سەبارەت بە درێژکردنەوەی ماوەی دیاریکراو بۆ پرۆسەی قەرەبووکردنەوەی ئەو جوتیارانەی خاوەنی گرێبەستی کشتوکاڵین یان بڕیاری دابەشکردنی زەوییان هەبووە و زەوییان کەوتووەتە ناو سنووری شارەوانییەوە خستەڕوو، ئەنجومەنی وەزیران، سەرەڕای جەختکردنەوە لە قەرەبووکردنەوەی یاسایی هاوڵاتییان، پێشنیازی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی پەسەندکرد بۆ پێدانی دەرفەتێکی تر بۆ ماوەی سێ مانگ بۆ بەردەوامبوونی پرۆسەکە و قەرەبووکردنەوەی خاوەن مافەکان.