لەگەڵ جێگیربوونی بەشێك لە كۆچبەران لە ناوچەی دانكیخ لە باكووری فەرەنسا، دەوەن ئەنوەر مەحمود كە خەڵكی قەڵادزێ-یە، خواردنگەیەكی كردەوە كە لە دار و چادر بنیادیناوە و نیوەڕوان لەفەی جگەری مریشك دەفرۆشێت.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕاپۆرتێكی لەبارەی ژیانی دەوەنی تەمەن 30 ساڵانەوە كردووە و بە ئاژانسەكەی ڕاگەیاندووە، دەیەوێت لەڕێگەی ئەو كارەیەوە پارەی پێویست بەدەستبخات بۆ گەیشتن بە بەریتانیا بە ڕێگایەكی باشتر وەك لە بەلەمی بچووك.
هاوینی ڕابردوو دەوەن 2100 دۆلاری لەلایەن قاچاخچییەكانەوە براوە و سەركەوتوو نەبووە لە پەڕینەوە بۆ بەریتانیا، مانگی ڕابردووش قاچاخچییەك بردوویەتییە كەناری دەریا بەمەبەستی پەڕینەوە، بەڵام وەكخۆی دەڵێت، “كاتێك زانیم دەبێت لەگەڵ 47 كەسی تردا سواری بەمەلەكە ببم، ترسام و پاشگەزبوومەوە، بەڵام قاچاخچییەكە لێیدام و مۆبایلەكەی شكاندم لەترسی ئەوەی پەیوەندی بە پۆلیسەوە بكەم”.
دەوەن لەڕێگەی كاركردنی لە خواردنگەكەیدا ڕۆژانە 40 – 70 یۆرۆی دەستدەكەوێت و دوو كەسیشی خستووەتەسەر كار و ڕۆژانە 25 یۆرۆیان پێدەدات، ئەوانیش كۆچبەرن و دەیانەوێت پارەی گەیشتن بە بەریتانیا كۆبكەنەوە.