ڕۆژی 1ـی كانونی یەكەم، بە ڕۆژی جیهانیی ئایدز لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دیاریکراوە، هەرێمی کوردستان تائێستا 40 حاڵەتی ئایدزی ناوخۆیی هەیە، لەکاتێکدا لەمساڵدا بە کەسانی بیانی و ناوخۆییەوە 69 حاڵەت تۆماركراون.
دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 1/12/2021 لە ڕۆژی جیهانیی ئایدزدا ڕایگەیاند، لە هەرێمی کوردستان بەهۆی دابونەریت و کلتورەوە هەندێک لە ڕێگا مەترسیدارەکانی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە لە هەرێمی کوردستان بوونیان نییە، یاخود کەمن، ئەوانیش سێکس، بەکارهێنانی دەرزی و سرنجی کەسانی دیکە بۆ ماددە هۆشبەرەکان، یان بەکارهێنانی دەرزی و سرنجی کەسانی دیکە بۆ تاتووکردن.
وەزیری تەندروستی دەڵێت، تیمەکانی تەندروستی بە بەردەوامی پشکنینەکان بۆ دۆزینەوە و دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە ئەنجامدەدەن، سەرەڕای ئەنجامدانی پشکنین بۆ ئەو حاڵەتانەی پێویستن، وەک ئەو کەسانەی خوێن دەبەخشن، ئەوانەی هاوسەرگیری دەکەن، ئەوانەی نەشتەرگەری یان هەناوبینییان بۆ ئەنجامدەدرێت، یان ئەوانەی لە گەشتەکاندا دێنە هەرێمی کوردستان و داوای مۆڵەتی مانەوە دەکەن.
بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکانی وەزارەتی تەندروستی، تائێستا لە هەرێمی کوردستان 40 هاوڵاتیی ناوخۆ تووشی ڤایرۆسی HIV بوون کە دەبێتە هۆی نەخۆشیی ئایدز، سەرجەمیان پێناسی تایبەتیان هەیە و لەژێر چاودێریی تایبەتی تەندروستیدان.
تەنها لە ساڵی 2021دا لە هەرێمی کوردستان 318 هەزار پشکنین بۆ نەخۆشییەکە کراوە و 69 حاڵەتی نەخۆشییەکە تۆمارکراوە، لەو ژمارەیە 11 حاڵەتیان هاوڵاتیی هەرێمی کوردستانن و ئەوانەی دیكە هاوڵاتیی دەرەوە بوون.
نەخۆشیی ئایدز دەبێتە هۆی نەمانی بەرگریی جەستە و هۆکارەکەی ڤایرۆسی HIVیە، لە ساڵی 1988ــەوە نەتەوە یەکگرتووەکان 1ی کانونی یەکەمی وەک ڕۆژی جیهانیی ئایدز دیاریکردووە، ئێستا لە سەرتاسەری جیهان 37.7 ملیۆن تووشبووی نەخۆشیی ئایدز هەن و زیاتر لە 36 ملیۆن کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.
تەنها لە ساڵی 2020ـدا 68 هەزار کەس بەهۆی ئایدزەوە گیانیان لەدەستداوە، هەروەها 1.5 ملیۆن کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون.
نەخۆشییەکە بۆ ماوەی 10 تاوەکو 15 ساڵ لە کەسی تووشبوودا بەبێ دەرکەوتنی هیچ نیشانەیەک دەمێنێتەوە، بەڵام توانای گواستنەوەی بۆ کەسانی دیکە دەبێت، کار لەسەر لاوازکردنی سیستمی بەرگریی جەستەی کەسی تووشبوو دەکات.
نەخۆشییەكە بۆ یەکەمجار لە ناوەڕاستی ئەفریقا دۆزرایەوە و سەرچاوەی ڤایرۆسەکە جۆرێکی مەیمونی چامپانزییە.