بافڵ تاڵەبانی: دەرفەتی باشمان لەپێشە بۆ پێکهێنانی حکومەتێک لەئاست گەشەپێدانی عێراق و هەرێمدا بێت

بافڵ جەلال تاڵەبانی ئەمڕۆ دووشەممە پێشوازیکرد لە هەردوو باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان و جەختیکردەوە لە یەکخستنی جیاوازییەکان لەپێناو خزمەتکردن و بەرژەوندیی گشتی لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق.

بافڵ جەلال تاڵەبانی لەگەڵ هەریەکە لە باڵیۆز و کونسوڵی بەریتانیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، گفتوگۆیان لەبارەی دۆخی عێراق دوای هەڵبژاردن و هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەت و لێکەوتەکانی ناسەقامگیریی سیاسی و دەرئەنجامی ھەڵبژاردن کرد.

لە ڕاگەیەندراوی دیدارەکەدا هاتووە، بافڵ جەلال تاڵەبانی پشتیوانی و هەماهەنگیی یەکێتی بۆ سەرخستنی ئەرکەکان و پێشخستنی پەیوەندییەکانی نێوانیان دووپاتکردەوە.

هەروەها پێزانینی بۆ پشتیوانییەکانیان لە ‌گەلی کورد و هێزی پێشمەرگە خستەڕوو.

بافڵ جەلال تاڵەبانی ڕایگەیاند، “ئەم ھەلومەرجە سیاسییەی عێراقی پێدا تێدەپەڕێت جێی نیگەرانیمانە و ناکۆکییەکان دۆخی وڵات بەرەو ناسەقامگیریی زیاتر دەبات”

جەختیشیکردەوە، ئێستاش دەرفەتی باش لەپێشە تا جیاوازییەکان بخرێنە خزمەت بەرژەوەندی گشتی و پێکەوە زەمینەی گفتوگۆ و دیالۆگی بونیادنەرانە بڕەخسێنرێت وڕێککەوتن بکرێت لەسەر میکانیزمەکانی پێکھێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار کە بتوانێت لە ئاست داوای خەڵک و بوژاندنەوە و گەشەپێدانی زیاتری عێراق و ھەرێم بێت.

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەبارەت بە مەترسییە ئەمنییەکان و جموجۆڵی پاشماوەکانی داعش و بۆشایی ئەمنی لە ھەندێ ناوچە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە بەردەوامیی ململانێ سیاسییەکان دۆخی ئەمنی بەرەو خراپتر دەبات.

ڕاشیگەیاند، بۆ زاڵبوون بەسەر تەحەدییەکاندا پێویستە سەنتەرەکانی ھەماھەنگی نێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق و ھێزەکانی ھاوپەیمانان کاراتربکرێن، پلان و ستراتیژی ھاوبەش ھەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان.

بابەتی پێشتر

یەكێك لە پێشمەرگە بریندارەكانی هێرشەكەی داعش شەهیدبوو

بابەتی دواتر

لە دوو ڕووداوی هاتوچۆدا لە كەركوك 14 كەس برینداربوون

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share