خوێندكارانی ناڕازیی جێبەجێكردنی ئەو داواكارییانەی پێشتر خستوویانەتەڕوو ڕادەگەیەنن و دەڵێن، لەسەر ڕاسپاردەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، مەكتەبی دارایی یەكێتی پێداویستی و داواكارییەكانی خوێندكاران دابیندەكات.
ژمارەیەك لە خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی و زانكۆ و پەیمانگاكانی دیكە ئێوارەی ئەمڕۆ كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییان ئەنجامدا و تیایدا وردەكاری داواكارییەكانیان و چۆنیەتی جێبەجێكردنیان خستەڕوو.
داواكارییەكانی خوێندكاران بریتی بوون لە گەڕاندنەوەی دەرماڵە بە یاسا، گێرانەوەی شكۆ بۆ زانكۆ و خوێندكارانی زانكۆ، كەمكردنەوە و سنوورداركردنی ڕۆڵی ڕێكخراوە حزبییەكان لەنێو زانكۆ و پەیمانگاكاندا، دابینكردنی پێداویستییە سەرەكییەكان بۆ بەشە ناوخۆییەكان، دابینكردنی پێداویستییە سەرەكییەكان بۆ كەمپی زانكۆكان، كەمكردنەوەی جیاوازی لەنێوان زانكۆی حكومی و ئەهلی لە بابەتی وەرگرتن و دامەزراندنی خوێندكاراندا.
خوێندكاران ئاشكرایانكرد، لە ئاكامی كۆبوونەوەی یەكشەممەی ڕابردوویان لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی هەندێك لە داواكارییەكانیان لەمڕۆوە چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، هەندێكی دیكەشی لە ڕۆژانی داهاتوودا جێبەجێدەكرێن.
یەكەم داواكاری كە داوای لێبوردن كردنە، ئەمڕۆ لەلایەن بافڵ جەلال تاڵەبانی-یەوە داوای لێبوردن كرا سەبارەت بەو توندوتیژییانەی لە ڕۆژانی خۆپیشاندانەكاندا بەرامبەر خوێندكاران كراوە، هەروەها هەردوو داواكاری كشاندنەوەی هێزە ئەمنییەكان لەبەردەم زانكۆكان و ئازادكردنی سەرجەم خوێندكاران جێبەجێكراوە.
جگە لەو خاڵانەی سەرەوە خوێندكارانی ناڕازی ئاشكرایانكرد، چەند داواكارییەكی دیكەیان لەلایەن مەكتەبی دارایی یەكێتی بە ڕاسپاردەی بافڵ جەلال تاڵەبانی هەڵدەستێت بە دابینكردن و جێبەجێكردنی و لەئێستادا لیژنەی بۆ دروستكراوە و چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بریتین لە:
– سیانەكردن و نۆژەنكردنەوە و دابینكردنی سەرجەم پێداویستییەكانی هەردوو زانكۆی سلێمانی و زانكۆی پۆلیتەكنیك.
– دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ سەرجەم بەشە ناوخۆییەكان.
– چاككردنەوەی سیستمی گەرمكەرەوە و ساردكەرەوەی بەشە ناوخۆییەكان.
– دابینكردنی پاس بۆ خوێندكارانی دەرەوەی شار بۆ هاتوچۆكردنیان بێبەرامبەر.
– دابینكردنی سێ بنكەی تەندروستی بۆ بەشە ناوخۆییەكان.