فەرەنسا داوا لە بەریتانیا دەکات دەرگای کۆچی یاسایی بەڕووی کۆچبەراندا بکاتەوە

لەدوای بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەیەكی وڵاتانی ئەوروپا سەبارەت بە پرسی کۆچبەران، کە ‏بەریتانیا بەهۆی لێدوانەکانی بۆریس جۆنسنەوە لە کۆبوونەوەکە دوورخرابووەوە، جێراڵد ‏دارمانان وەزیری ناوخۆی فەرەنسا داوای لە بەریتانیا کرد سنوورەکانی بۆ “کۆچی ‏یاسایی” بەڕووی کۆچبەراندا بکاتەوە.‏

لە فەرەنسا کۆبوونەوەی بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپی سەبارەت بە پرسی کۆچبەران ‏بەڕێوەچوو، ئەمەش دوای پێنج ڕۆژ لە ڕووداوی خنکانی 27 کۆچبەرەكەی کەناڵی ‏ئینگلیزی.‏

دوای كۆبوونەوەكە، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا جەختیکردەوە، وڵاتەکەی ویستی هەیە ‏بۆئەوەی وڵاتانی ئەوروپا و بەریتانیا بگەنە ڕێککەوتن لەسەر کۆچی یاسایی لە کەناڵی ‏مانشەوە بەرەو بەریتانیا.‏

وەزیرە فەرەنسییەكە لەگەڵ ئەوەی داوای لە بەریتانیا کردووە بۆ ڕێگەدان بە کۆچی ‏یاسایی لەڕێگەی کەناڵی ئینگلیزییەوە، دەشڵێت، “خۆیان دەبێت بەرپرسیارێتییەکە ‏هەڵبگرن”.‏

دارمانان بۆ کەناڵی ‏BFMـی فەرەنسی وتویەتی، پێویستە بەریتانیا ڕێگە یاساییەکان ‏بکاتەوە، چونکە ئەو کۆچبەرانەی داوای مافی پەنابەری دەکەن لەو وڵاتە هیچ ڕێگەیەکی ‏دیکەیان نییە جگە لە تێپەڕبوون بە کەناڵی مانش-دا.‏

ئاماژەی بەوەشکردووە، “پێویستە بەریتانیا گۆڕانکاری لە یاساکانیدا بکات و ‏بەرپرسیارێتییەکە هەڵبگرێت”، ڕەخنەی ئەوەی هەبوو، کە بەریتانیا ساڵانە 30 هەزار ‏داواکاریی پەنابەران وەردەگرێت، لەکاتێکدا فەرەنسا ساڵانە 150 هەزار وەردەگرێت.‏

وەزیری ناوخۆی فەرەنسا وتیشی، وڵاتەکەی ویستی لەسەر ڕێککەوتنی نێوان ئەوروپا و ‏بەریتانیا هەیە بۆ ڕێگەدان بە کۆچی یاسایی و بۆ ئەو مەبەستەش ئەمڕۆ سێشەممە ‏سەرۆک وەزیرانی فەرەنسا نامەیەک ئاراستەی بۆریس جۆنسن دەکات و داوای ‏ڕێککەوتنی لێدەکات.‏

کۆبوونەوەی وڵاتانی ئەوروپی سەبارەت بە پرسی کۆچبەران دوای خراپترین کارەسات لە ‏کەناڵی مانشی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا هات، کە تێیدا 27 کۆچبەر بەهۆی نقومبوونی ‏بەلەمەکەیانەوە خنکان، کە بە خراپترین کارەساتی ئەو کەناڵە ئاوییە دادەنرێت.‏

دوای ڕووداوەکە ڕۆژی یەکشەممە وەزیری ناوخۆی فەرەنسا ڕایگەیاند، “ژمارەی ئەو ‏کۆچبەرانەی خنکاون زۆرن، ناتوانین چاوپۆشی لەوە بکەین خەڵکی زیاتر ‏گیانلەدەستبدەن”.‏

هەر لەو كاتەوە ناكۆكییەكانی نێوان لەندەن و پاریس زیاتر بووە لەبارەی پرسی ‏كۆچبەران.‏

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

وەزارەتی دەرەوەی عومان: ئەمریکا و ئێران کراوەن بۆ چارەسەری گرفتەکانی نێوانیان

وەزارەتی دەرەوەی عومان رایگەیاند، هەردوو وەفدی ئەمریکی و ئێرانی، لە میانەی دانوستانەکانی جنێڤ، کرانەوەیان بۆ چارەسەری گرفتەکان دەربڕیوە.…
زیاتر ببینە

پەرلەمانی بەریتانیا داوا دەکات رووبەڕووی مەترسییەکانی زیرەکیی دەستکرد لەسەر مرۆڤ ببنەوە

ئەندامانی پەرلەمانی بەریتانیا داوا دەکەن حکومەتەکان بە یاسا رووبەڕووی ئەو مەترسییانە ببنەوە کە زیرەکیی دەستکرد لەسەر مرۆڤایەتی دروستی…
Total
0
Share