وردەكاریی هێرشەكەی سەر ماڵی مستەفا كازمی ئاشكرادەكرێت

ئۆتۆمبێلەكەی كازمی دوای هێرشەكە

ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق ئەنجامەكانی ڕاپۆرتی یەكەمی لێكۆڵینەوەكانی هەوڵی “تیرۆركردنی” مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران ئاشكرادەكات.

قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، لیژنەی لێكۆڵینەوە میوانداریی كەسایەتیی گرنگی خاوەن تایبەتمەندیی پرسەكانی لێكۆڵینەوەی كردووە و ئاشكرایكرد، لیژنەكە بە سەرۆكایەتیی خۆی و ئەندامێتیی نووسینگەی سەرۆك وەزیران و وەزیر و بەرپرسانی ئەمنی پێكهێنراوە.

وتیشی، “بۆ لیژنەكە یەكلابووەوە كە هێرشەكەی سەر ماڵی سەرۆك وەزیران بە دوو فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بووە”. ئەوەشی وت، “هێرشەكە بە هەڵدانی دوو بووە بووە یەكێكیان بۆسەر سەربانی ماڵی كازمی و دووەمیان لە حەوشەی ماڵەكەیدا كەوتووە”.

ئەعرەجی ئەوەشی خستەڕوو، یەكێك لە بۆمبەكان تەقیوەتەوە و دووەمیان نەتەقیوەتەوە.

دوای هێرشەكە دوو تیمی پووچەڵكردنەوەی تەقینەوە و بەڵگەی تاوان ڕەوانەی شوێنی تاوانەكە كراون و وردەكارییەكەی وەرگیراون، ئەعرەجی وای وت و دووپاتیشیكردەوە “هێرشكردن بە دوو بۆمب واتا بە ئامانجگرتنی ڕاستەوخۆی ژیانی سەرۆك وەزیران”.

ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئاماژەی بەوەكرد، “تووشی سەرسوڕمان بووین كاتێك دوو تیمەكەی پووچەڵكردنەوەی بۆمب و بەڵگەی تاوان بۆمبەكەیان تەقاندەوە بەبێ هەڵگرتنەوەی پەنجەمۆرەكانی سەری” دووپاتیشیكردەوە، “لیژنەی لێكۆڵینەوە بڕیاری دا هەردوو ئەو تیمەی بەرپرس بوون لە تەقینەوەی بۆمبەكە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا بكرێت”.

ڕوونیشیكردەوە، لێكۆڵینەوەكانیان بەردەوامدەبن بۆ زانینی هۆكارەكانی پشت هەڵنەگرتنەوەی پەنجەمۆر و تەقاندنەوەی بۆمبەكە. هەروەك لیژنەكەیان داوایكردووە هەركەسێك بەڵگەی لەبارەی هێرشەكەوە لەبەردەستە پێشكەشیبكات.

بەپێی وتەی قاسم ئەعرەجی لیژنەكەیان ئەركەكانی خۆی جێبەجێدەكات بەبێ هیچ جۆرە فشارێك و ئەركە نیشتیمانییەكەی جێبەجێدەكات و تائێستاش هیچ كەس یان لایەنێكی تۆمەتبار نەكردووە و لێكۆڵینەوە پێویستی بە كاتی زیاتر هەیە.

ڕوونیشكردەوە، سەرۆك وەزیران ڕێنمایی لیژنەی لێكۆڵینەوەی كردووە بە سەربەخۆبوون و پیشەییبوون و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی وڵات.

ئەعرەجی ئاماژەی بەوەشكرد، لیژنەكەیان تائێستا پشتی بە هیچ لایەنێكی دەرەكی نەبەستووە و دەشێت سوود لە هەوڵەكانی وڵاتانی دیكە وەربگیرێت بۆ ئاشكراكردنی ڕاستییەكان و سوودوەرگرتن لە سەرجەم تواناكانیان.

نەشیشاردەوە كە گەیشتوونەتە هێڵی گرنگ بۆ گەیشتنە ڕاستییەكان، بەڵام پێویستە كاتی پێویست بدرێتە لێكۆڵینەوەكان و وردەكاری ڕەچاوبكرێت.

بەدرێژایی كۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەكە ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق چەندین دیمەنی ڤیدیۆیی ساتی بەر لە هێرشەكە و دواتر و هەندێك لە بەڵگەكانی لێكۆڵینەوەی بڵاوكردەوە.

بابەتی پێشتر

دەمیرتاش داوای دروستکردنی فشار دەکات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە

بابەتی دواتر

فڕۆكەكانی توركیا گوندێكی ئامێدییان بۆردومانكرد

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

لیژنەی نەوت و گازی ئەنجومەنی نوێنەران: هەشت هۆکار لە پشت دەستپێنەکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمن

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، هەشت خاڵ لەپشت دەستپێنەکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمەوەن و دانووستانەکان تەنها دوو خاڵیان چارەسەرکردووە.…
Total
0
Share