سەرجەم خوێندكارانی وەرگیراو لە كۆلێژی سەربازی سەر بە هۆزەكەی وەزیرن

وەزارەتی بەرگریی عێراق دانی بەوەدا نا ئەو خوێندكارانەی لە كۆلێژی سەربازی وەرگیراون، سەر بە هۆزەكەی وەزیرن.

لە 112ـیەمین خوولی كۆلێژی سەربازیی عێراقدا، 81 خوێندكار وەرگیراون كە هەموویان لە هۆزی جبورن، هەمان هۆزەكەی جمعە عناد جبوری وەزیری بەرگریی عێراق.

ئاشكرابوونی دۆسیەكە، كاردانەوەی فراوانی بەدوای خۆیدا هێناوە و میدیا و بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە عێراق ڕەخنەی لێدەگرن و بە قۆرخكاری پێناسەی دەكەن.

لە وەڵامی ئەو ڕەخنانەدا، وەزارەتی بەرگری ڕوونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و دانی بەوەدا نا سەرجەم خوێندكارانی وەرگیراو لەم خوولەی كۆلێژی سەربازیدا سەر بە هۆزی جبورن.

وەزارەتەكە لە ڕوونكردنەوەكەیدا كە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویكردووەتەوە دەڵێت، “وەرگرتنی خوێندكاران لە كۆلێژی سەربازی لەسەر بنەمای كۆمەڵێك پێوەر و ڕێكاری جەستەیی و پزیشكی و تیۆری و كردارییە و چڕیی دانیشتووانی پارێزگاكان ڕەوچادەكرێت، نەك لەسەر بنەمای هۆز”.

ڕایگەیاندووە، خوێندكارانی وەرگیراو خەڵكی چەندین پارێزگای عێراقن و جبورییەكان بە هەموو پارێزگاكاندا بڵاوبوونەتەوە.

وەزیری بەرگریی عێراق سوننی مەزهەبە و خەڵكی گوندێكی سەر بە قەزای شەرگاتە لە پارێزگای سەڵاحەدین. لەو 81 خوێندكارەی وەرگیراون، 69یان خەڵكی نەینەوا و كەركوك و سەڵاحەدینن.

بابەتی پێشتر

مەترسییە تەندروستییەکانی بۆنی ساختە چین؟

بابەتی دواتر

بە یارمەتیی ئەپڵ.. پیاوێکی ئۆکرانی چاودێریی سوپای ڕوسیا دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share