تا ئێستا دیار نییە حكومەت چەند و چۆن یارمەتیی خوێندكاران دەدات

‏”خوێندكار شكۆی بەرزە و خۆی بچووک ناكاتەوە بڵێت من ‏فەقیرم”‏

ئه‌ندامێكى لیژنه‌ى په‌روه‌رده‌ و خوێندنى باڵا له‌ په‌رله‌مانى كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، ‏بڕیاره‌كه‌ى حكومه‌ت بۆ ته‌رخانكردنى بڕه‌ پاره‌یه‌ك بۆ خوێندكاران بڕیارێکە داواکاریی ‏خوێندکارانی تێدا بەهەند وەرنەگیراوە، لەگەڵ ئەوەی تا ئێستا دیار نییە چەند و چۆنە.‏

ئاشنا عه‌بدوڵڵا، ئه‌ندامى لیژنه‌ى په‌روه‌رده‌ و خوێندنى باڵا له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌ ‏تۆڕی میدیایی ئێستاى ڕاگه‌یاند، تائێستا ورده‌كاریی چۆنیه‌تیى دابه‌شكردن و بڕی ئه‌و ‏پاره‌یه‌ نازانن كه‌ حكومه‌ت بۆ خوێندكاران بڕیاری له‌باره‌وه‌ داوه‌. ‏

ئه‌ندامەكەى لیژنه‌ى په‌روه‌رده‌ و خوێندنى باڵا تێبینیشى لەسەر بڕیارەكەی حكومەت هەیە ‏بۆ یارمەتیدانی ئەو خوێندكارانەی پێویستیان پێیەتی، دەڵێت، “چونكه‌ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى ‏خوێندكارى هەژار ئاسان نیه‌، خەڵکی ئێمەش شكۆی بەرزە، بە تایبەتی ئەوانەی ‏کەمدەرامەتن ناچن خۆیان بچووک بکەنەوە و بڵێن من فەقیرم”.‏

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ پێشیوایه‌، “بڕیارەكه‌ى حكومه‌ت بارودۆخێکی دەروونیی خراپ بۆ ‏خوێندکاران دروست دەکات و داواکاریی خوێندکارانی تێدا بەهەند وەرنەگیراوە، چونكه‌ ‏خوێندکاران داواکارییەکی ڕوون و ڕەوانیان هەبووە لەسەر پرسی دەرماڵە، ئه‌و بڕه‌ ‏پاره‌یه‌ش تەنها بۆ کپکردنی ناڕازایەتیی خوێندکارانە”.‏

هەفتەی ڕابردوو لە هەولێر و سلێمانی و چەند شوێنێكی دیكەی هەرێمی كوردستان، ‏خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوای دووبارە ‏خەرجكردنەوەی دەرماڵەی خوێندكارانیان كرد.‏

دوای دروستبوونی فشار، حكومەت كاردانەوەی هەبوو و بڕیاریدا بە دابینكردنی ‏مینحەیەك بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ باشتركردنی دۆخی خوێندكاران و بەشە ‏ناوخۆییەكان.‏

بابەتی پێشتر

هەولێر.. هاوكات لەگەڵ هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی پیاوێک تەقەی لە ‏ژنەکەی کرد

بابەتی دواتر

(ڤیدیۆ) پاریس بە زەحمەت لە سانت ئیتیانی بردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share