بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی دەروازە سنوورییەکان سەرجەم هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان ئاگاداردەکاتەوە کە لەکاتی گەشتکردنیان بۆ ئێران پێویستە کارتی ڤاکسین، پشکنینی کۆرۆنا و ڤیزای ئێرانیان پێبێت.
له ڕاگهیهندراوێكدا بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی دەروازە سنوورییەکانی هەرێم ئاماژهى بهوهكردووه، گەشتیار لە کاتی گەڕانەوە بۆ هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران، ئەگەر کارتی ڤاکسینی هەبێت، پێویست بە پشکنین ناکات، بەڵام ئەگەر کارتی پشکنینی نەبوو، ئەوا پێویستە پشکنینی بۆ بکرێت.
ڕوونیشیكردووهتهوه، گەشتیارە ئێرانی و بیانییەکان لەکاتی گەشتکردنیان بۆ ئێران پێویستیان بە کارتی ڤاکسین و پشکنینی کۆرونا نابێت، بەڵام لەکاتی هاتنیان بۆ هەرێمی کوردستان پێویستە پشکنینی کۆرونا بکەن، تەنها ئەوانە نەبن کە نیشتەجێی هەرێمی کوردستانن و کارتی نشینگەیان هەیە و کارتی ڤاکسینیان وەرگرتووە.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی دەروازە سنوورییەکانی هەرێم باسی لهوهشكردووه، ئامانجی ڕێنماییەکان بەمەبەستی ڕێگریکردنە لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە بهپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی زیاتر لە 374 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش 6840 کەسیان گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 361 هەزار تووشبووش چاکبوونەتەوە.