حكومەتی هەرێم كەمبوونەوەی كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا بۆ چاككردنەوەی وێستگەیەك و ڕاگرتنی هەناردەی كارەبا لەلایەن توركیاوە دەگەڕێنێتەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە، لەم ماوەیەدا کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان کەمبووەتەوە، لە سێ ڕۆژی ڕابردووشدا ئەو بڕە بووەتە 16 کاتژمێر و 20 خولەک.
سەبارەت بە هۆكارەكەشی دەڵێت، یەكێكیان بۆ وێستگە 300 مێگاواتییەکەى خەبات دەگەڕێتەوە کە لەژێر چاککردنەوەدایە و بڕیارە ڕۆژی 5ی كانونی یەكەم بکەوێتەوە کار.
ڕوونیشیدەكاتەوە، “سەبارەت بە کارەباى هاوردەکراوى پارێزگای دهۆکیش کە 150 مێگاواتە و لە وڵاتی تورکیا دەکڕدرێت، لەلایەن تورکیاوە ڕاگیراوە و حکومەتی هەرێم لە هەوڵی چارەسەرکردنیدایە”.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری هۆكاری دیكەشی باسكردووە، “وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای ئەگریکۆی گەرمیان، یەکێکی دیکەیە لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای نیشتمانی و بڕیاروایە لەگەڵ زیادکردنی بەرهەمی گاز بۆ ئەو وێستگەیە بڕی پێدانی کارەباکەى لە 165 مێگاواتەوە بگاتە 200 مێگاوات و بڕیارە 28ی ئەم مانگە بکەوێتە کار”.