وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، بڕە پارەیەک بۆ مینحەی خوێندکاران لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە تەرخانکراوە.
سەمیر هەورامی وتەبێژی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریداوە بە دابینكردنی مینحەیەكی بۆ خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێمی كوردستان.
سەمیر هەورامی سەبارەت بە بڕی بودجەکە و چۆنێتی پێدانی بەخوێندکاران وتی، تائێستا وردەکارییەکان سەبارەت بە بڕ و چۆنێتی دابەشکردنی بڕیاری لێنەدراوە.
هەروەها عەبدولسەلام دۆڵەمەڕی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاویکردەوە، بودجەیەکی تایبەت بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا تەرخانکراوە بە مەبەستی چارەسەرکردنی گرفتی بەشە ناوخۆییەکان و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان و ھاوکاریکردنی قوتابیان و خوێندکارانی کەمدەرامەت. ماوەی چەند ڕۆژێکە خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامن لە خۆپیشاندان بۆ داواکردنی گەڕاندنەوەی دەرماڵەی خوێندکاران، کە لەدوای ساڵی 2015وە ڕاگیراوە.