پۆلیسی سلێمانى له‌سه‌ر گرژییه‌كانى ئه‌مڕۆی خوێندكارانى زانكۆی سلێمانى ڕاگه‌یه‌ندراوێكى بڵاوكرده‌وه و ده‌ڵێت، “به‌شێك له خۆپیشانده‌ران خوێندكارنه‌بوون و به چه‌قۆ و بۆكس خه‌نجه‌ر هێرشیانكردووه‌ته سه‌رهێزه‌كان”.
له ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه، “ماوه‌ی دوو ڕۆژه خوێندكارانی زانكۆ گردبوونه‌وه و خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی ئه‌نجام ده‌ده‌ن بۆ داواكردنی ده‌رماڵه، وه‌ك ئه‌ركی سه‌رشانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیس بۆ پاراستنی گیانی خوێندكاره‌كانمان و هێمنی و ئاسایشی خۆپیشاندانه‌كه به‌رده‌وام بووین له پارێزگاری لێ كردنیان”.
باسی له‌وه‌شكردوه‌و، “به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌مڕۆ هه‌ندێك له ئاماده‌بووانی خۆپیشاندانه‌كه كه به‌پێی زانیارییه‌كانی به‌رده‌ست ئێمه گه‌یشتوه و به‌ڵگه‌ی ته‌واومان لایه كه خوێندكار نین، ده‌ستیانكرد به به‌رد هاویشتن به ئاراسته‌ی هێزی چالاكی مه‌ده‌نی و هێرشكردنه سه‌ریان به‌چه‌قۆ و بۆكس خه‌نجه‌ر، ده‌رئه‌نجامی ئه‌م كاره‌ش گرژی و ئاڵۆزیی دروست بوو چه‌ند ئه‌فسه‌رو كارمه‌ندێك و چه‌ند خوێندكارێك بریندار بوون به به‌رد و دار”.
ڕوونیشیكردووه‌ته‌وه، برینداره‌كان چاره‌سه‌ری پزیشكی‌یان بۆ ئه‌نجامدراوه و باری ته‌ندروستیان جێگیره.
له‌به‌شێكى دیكه‌ى ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ى پۆلیسی سلێمانى هاتووه، “داواكارین لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌ده‌م داواكاریی و دابینكردنی ده‌رماڵه‌ی خوێندكارانه‌وه بچن، له‌هه‌مانكاتیشدا داوا له‌خوشك و برا خوێنكاره‌كانمان ده‌كه‌ین كه گردبونه‌وه و كۆبونه‌وه‌كانیان به‌شێوازی هێمنانه و شارستانیانه ئه‌نجام بده‌ن‌و نه‌هێڵن خه‌ڵكانی گومان‌لێكراو چالاكییه شارستانییه‌كه‌یان لێ تێكبده‌ن”.