نێچیرڤان بارزانی: تا ئێستا حکومەتی عێراق هیچ وەڵامێکی باش و کردەیی هەرێمی نەداوەتەوە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی هەرێمی کوردستان لەلایەن شاندەکەیەوە کە ڕەوانەی بەغدادیکردووە نیازپاکی نیشانداوە، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێکی باش و کردەیی لەلایەن بەغداداوە نەدراوە.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لەبارەی سەریساڵی زاینییەوە ئەمڕۆ 31 ی کانونی یەکەم، ڕایگەیاند، ” پشوودرێژيی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان و مانەوە بۆ زياتر له‌ دوو هه‌فته‌ لە بەغدا و نه‌هێشتنى هيچ به‌هانه‌يه‌ك بۆ ڕێكنه‌كه‌وتن، ئەوپەڕی نیازپاكی و ئامادەیيی هەرێمی كوردستانه‌ بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا وەڵامێكی باش و كرده‌يى لەلایەن حكوومەتی فیدراڵى عێراقه‌وه‌ بۆ كەمترین مافە داراییيەكانی هەرێمی كوردستان نييه”.

نێچیرڤان بارزانی ڕاشیگەیاندووە، “لە پەرلەمانی عێراق هەڵسوكەوتی هێزە سیاسییە سه‌ره‌كييه‌كانى عێراق لەگەڵ هەرێمی كوردستان زۆر سته‌مكارانه‌ بوو. سیاسەتێكی پڕ لە دژایەتیكردنی هەرێمی كوردستان بوو به‌ ئامانجى پەكخستنی خزمەتگوزارییەكان و برسیكردنی خەڵكی هەرێمی كوردستان. له‌ یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایيدا، هه‌موو هه‌وڵێكيان دا و به‌ ناوى ياساوه‌ فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانیان بە هەموو شێوەیەك لە مووچه‌ و شايسته‌ دارايييه‌كان بێبەش كرد”.

لە پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، “ئەوەی لە پەرلەمان ڕویدا، بە هیچ شێوەیەك ئامادەیی نییە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان، بەڵكو سزادانی خەڵكی كوردستانە كه‌ به‌ هيچ شێوه‌يه‌ك ياسايى و ده‌ستوورى نييه و ته‌نيا بە مەبەست و بڕیاری سیاسی ده‌كرێت. ئاماده‌يى و خواست و ويستمان بۆ گه‌يشتن به‌ چاره‌سه‌ر و ڕێككه‌وتنێكى يه‌كجاره‌كى له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوورى عێراق دووپات ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ ماف و شايسته‌كانى گه‌لى كوردستان و سه‌قامگيرى بۆ ته‌واوى عێراق مسۆگه‌ر بكات”.

سەبارەت بە دۆخی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی وتویەتی “لەسەر ئاستی سیاسيی هەرێمی كوردستانيش، بەداخەوە ناكۆكيی سیاسيی نێوان لایەنە سياسييه‌كان بەردەوامە، باری ژیان و دەروونیی خەڵكی كوردستان بە شەڕێكی ئاستنزمى سۆشیاڵمیدیا خراپتر كراوە زۆركردنی ئەو جیاوازییە سیاسیيانە، هێزی سیاسيی هەرێمی كوردستان زۆر لاواز ده‌كات و دەبێتە هۆی پەرتكردنێكی گه‌وره‌ى كۆمەڵگە، ئەوەش سەقامگیريی كۆمەڵایەتی و ئاسایش لە هەرێمی كوردستان تێك دەدات و پێویستە بە زووترین كات ڕابگیرێت”.

نێچیرڤان بارزانی وتوشیەتی، “لایەنە سیاسییەکان دەبێت پێکەوە، دەستبەجێ كۆتایی بەو ناكۆكییە سیاسیيانە بهێنرێت و لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانمان ڕێكبكەوین، سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستانيش وه‌ك هه‌ميشه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌يه‌ك هاوكار و پشتيوان ده‌بێت”.

بابەتی پێشتر

چین مۆڵەتی بەکارهێنانی یەکێک لە ڤاکسینەکانی وڵاتەکەی دەرکرد

بابەتی دواتر

سەرۆکی دەستەی دادوەریی ئێران: ترەمپ دوورنییە لە تۆڵەکانی کوشتنی قاسم سلێمانی

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئاسایشی سلێمانى دوو باندى بازرگانیكردنى به‌ مادده‌ى هۆشبه‌ر ده‌ستگیركرد

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی له‌ دوو چالاكیى جیاوازدا دوو باندی بازرگانیكردنیان به‌ مادده‌ى هۆشبه‌ره‌وه‌ ده‌ستگیركردووه‌. له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ئاسایشی…
Total
1
Share