پارتی واژووی لەسەر داواكاریی پەرلەمانتاران بۆ گەڕاندنەوەی دەرماڵەی خوێندكاران ‏نەكردووە

48 پەرلەمانتار واژوویان كۆكردووەتەوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پرسی دەرماڵەی ‏خوێندكاران، فراكسیۆنەكانی پارتی و پێكهاتەكان واژوویان لەسەر داواكە نەكردووە و ‏سەرۆكایەتیی پەرلەمانیش نەیخستووەتە بەرنامەی دانیشتنی سبەینێوە.‏

ئاشنا عه‌بدوڵڵا، ئه‌ندامى لیژنه‌ى په‌روه‌رده‌ و خوێندنى باڵا له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌ ‏تۆڕی میدیایی ئێستاى ڕاگه‌یاند، “له‌ 14ی مانگه‌وه‌ نووسراومان پێشكه‌شى سه‌رۆكایه‌تیی ‏په‌رله‌مان كردووه‌ تاوه‌كو پرسی خه‌رجكردنەوەى ده‌رماڵه‌ى خوێندكارانى زانكۆ و ‏په‌یمانگاكان بخاته‌ نێو كارنامه‌ى كۆبوونه‌وه‌كانى، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا وه‌ڵامى ‏دواكارییه‌كه‌مان نه‌دراوه‌ته‌وه‌”.‏

وتیشی، “به‌پێی په‌یڕه‌وى ناوخۆی په‌رله‌مان پێویسته‌ له‌ نزیكترین دانیشتندا ئه‌و پرسه‌ ‏بخرێته‌ كارنامه‌ى كۆبوونه‌وه‌كانه‌وه‌، به‌ڵام هێشتا وه‌ڵامى نووسراوه‌كه‌مان نه‌دراوه‌ته‌وه‌ كه‌ ‏واژووى 48 په‌رله‌مانتارى له‌سه‌ره‌”. ‏

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئاشكراشیكرد، “پارتى و پێكهاته‌كان واژووى نووسراوه‌كه‌یان نه‌كردووه‌ ‏بۆ ئه‌وه‌ى دانیشتنێك له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ ئه‌نجام بدرێت”.‏

بەپێی وتەی ئەندامەكەی لیژنه‌ى په‌روه‌رده‌ و خوێندنى باڵا، له‌ نووسراوه‌كه‌یاندا ‏داوایانكردووه‌ لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار و حكومه‌ت، بەتایبەت وه‌زاره‌تەكانى دارایی و خوێندنى ‏باڵا ده‌گرێته‌وه،‌ بێنه‌ په‌رله‌مان و وه‌ڵامى په‌رله‌مانتاران بده‌نه‌وه‌ له‌باره‌ى هۆكارى ‏خه‌رجنه‌كردنه‌وه‌ى ده‌رماڵه‌ى خوێندكاران.‏

ئاشنا عەبدوڵا پەرلەمانتاری گۆڕانە، جگە لە ڕەخنەگرتن لە بێهەڵوێستیی وەزارەتی ‏خوێندنی باڵا، ڕەخنەی لە وەزارەت و وەزیری دارایی هەرێمیش گرت، كە سەر بە ‏بزوتنەوەی گۆڕانە، بەوەی تا ئێستا لەبارەی گەڕاندنەوەی دەرماڵەی خوێندكارانەوە ‏هەنگاویان نەناوە.‏

بابەتی پێشتر

بەهۆی پیسبوونی هەواوە ماوەی هەفتەیەك نیودەلهی دادەخرێت

بابەتی دواتر

هەواڵێکی ناخۆش بۆ ژنان.. چارەسەرێکی دژەکۆرۆنا بۆ پیاوان کاریگەرترە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share