ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایدەگەیەنێت، ڕێكخراوەكەیان یەكەم هاوكاریی مرۆیی گەیاندووەتە كامپی برۆزگی لەسەر سنووری بیلاڕوسیا – پۆڵەندا، كە كۆچبەرانی تێدا كۆكراونەتەوە.
ئۆلیگ دۆبۆفیك، نوێنەری ڕێكخراوەكە لە مینسك-ی پایتەختی بیلاڕوسیا وتی، هاوكارییەكە بریتییە لە ماددەی پاكوخاوێنیی كەسی و تەندروستیی گشتی، كە پێویست و سوودبەخشن، هەروەها پێداویستییەكانی خۆپاراستن لە كۆرۆنا.
هاوكارییەكان بریتی بوون لە ماددەی پاكژكەرەوەی دەست (تعقیم)، ماسك، سابونی شل، مەعجونی ددان، كلێنسی تەڕ و كلێنسی توالێت.
دۆبۆفیك ئەوەشی خستەڕوو، بەشی یەكەمی هاوكارییەكان گەیشتووەتە سەنتەرەكە و بەشێوەیەكی گشتی ڕێكخراوەكەیان دەیەوێت لەڕۆژێكدا 600 بەشە هاوكاری (سلة مساعدات) دابەشبكات.
سەرەڕای ئەوەش، ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی دەرمانی پێویست بۆ باری لەناكاو دەستەبەردەكات.
دوێنێ لیۆدمیلا كیدا، سەرۆكی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی لە كەرتی گرۆدۆنۆ-ی بیلاڕوسیا وتی، نزیكەی 100 كۆچبەر لە كامپی برۆزگی گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە، كە لەنێویاندا تووشبووان بە حاڵەتی قورسی كۆرۆنا هەن.
س: نۆڤۆستی