ستران عەبدوڵا: دەباشان و سەری ڕەش دەتوانن كاری هاوبەش بكەن بەڵام لەسەر حسابی بنەما جێگیرەكانی یەكێتی نابێت

ستران عەبدوڵڵا

ئەندامێكی سەركردایەتیی یەكێتی، گۆڕانكارییەكانی ناو حزبەكەی بە “ڕاستكردنەوەی ڕێڕەو” و “شۆڕشێكی گەورە” ناودەبات و دەربارەی دیدارەكەی هەفتەی ڕابردووی نێوان بافڵ جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی-یش دەڵێت، كۆبوونەوەكە نیشانیدەدات دەباشان و سەری ڕەش دەتوانن كاری هاوبەش بكەن، بەڵام لەسەر حسابی بنەما جێگیرەكانی یەكێتی نابێت.

ستران عەبدوڵا، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی ئێستا ڕایگەیاند، پێدانی دەسەڵات لەلایەن ئەنجومەنی سەركردایەتییەوە بە بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ ئەو بڕیارانەیە كە پێویست بوو بۆ ڕێكخستنەوەی یەكێتی دەریانبكات.

وتیشی، گۆڕانكارییەكانی ناو یەكێتی كە ناومان ناون “ڕاستكردنەوەی ڕێڕەو و پێمانوایە شۆڕشێكی گەورە بووە لەناو یەكێتی”، پێش ئەو بڕیارانەش لەئارادابوون لەسەر ئەوەی مەڵبەندەكان لانیكەم لە پارێزگا گەورەكان فراوانتر بكرێن.

هەروەك لە چاوپێكەوتنەكەدا كە لەچێوەی بەرنامەی (دیداری ئێستا)دایە و كاتژمێر 08:00ی ئەمشەو بڵاودەكرێتەوە، وردەكاری “ڕاستكردنەوەی ڕێڕەوی یەكێتی” باسدەكات و دەڵێت، ئەوەی لە كۆنگرەی چوار ڕوویدا، لەگەڵ شێوازی بەڕێوەبردنی یەكێتی پێویستی بە ڕاستكردنەوەی ڕێڕەو هەبوو، وەكو ئەركیش “ئازایەتیی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی بوو كە جێبەجێیبكات و سەركردایەتیش پێیپەسەندبوو”.

ستران عەبدوڵا سەبارەت بە بڕیارەكانیش دەڵێت، ئەو بڕیارانەی دراون بڕیاری زۆر ڕاست و دروستن و یەكێتی یەكدەستدەكاتەوە و یەكێتی دەخاتەسەر سكەی خۆی و چۆن یەكێتی بكەینەوە بە یەكێتیی مام، یەكێتیی مام ئەو یەكێتییەیە كە موعەزەز و موكەڕەم و سەربەرز بوو لە هەموو كوردستاندا.

دەربارەی گۆڕانكارییەكانی داهاتووش ئەندامەكەی سەركردایەتیی یەكێتی ڕوونیدەكاتەوە، بڕیاروایە دەستكاری پەیڕەوی ناوخۆ بكرێت، هەروەها بڕیاروایە ئەو ناوەی یەكێتییەكان ناوی لێدەنێن جا سكرتێری گشتی، سكرتێر، یان سەرۆك بێت بۆ پۆستەكەی بافڵ جەلال تاڵەبانی یەكلابكرێتەوە.

سەبارەت بە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیش ڕوونیدەكاتەوە، دوای هەڵبژاردنەكان یەكەم كەس كە دەستپێشخەری كرد بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەی سەركردایەتی، هەڤاڵ بافڵ بوو، بەڵام هەڤاڵان پێیانباشبوو زەمینەی كۆبوونەوەكە بڕەخسێندرێت، ئەوكات ئەنجامبدرێت.

هەفتەی ڕابردوو بافڵ جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی لە سەری ڕەش كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامدا دەربارەی كۆبوونەوەكە ئەندامەكەی سەركردایەتیی یەكێتی وتی، پێشتر هەڤاڵانی پارتی دەستپێشخەرییان كرد سەردانی كاك بافڵ و مەكتەبی سیاسییان كرد، بۆیە بافڵ تاڵەبانی لە بەرامبەردا سەردانێكی بۆ سەری ڕەش ئەنجامدا.

وتیشی، “ئەو كۆبوونەوەیە ئەو تەعبیرەی نیشاندا كە دەباشان و سەری ڕەش پێكەوە دەتوانن زۆر كاری هاوبەش بكەن، بەڵام هیچ لەسەر حسابی سەوابتەكانی یەكێتی نابێت چونكە لە بنەڕەتدا یەكێتی ڕانەهاتووە لە باوەڕە سیاسییەكانی خۆی، لە پێگە و ڕۆڵی سیاسیی خۆی لابدات، ئەشێ كورسیی سیاسیی یەكێتی كەم بێت، زۆر بێت، بەڵام سەنگی سیاسیی یەكێتی هەر دەمێنێت”.

بابەتی پێشتر

ڤیدیۆ.. لایەنگرێکی حەماس ئیسرائیلییەکی کوشت و چواری دیکەی بریندارکرد

بابەتی دواتر

لە پڕۆژەیەكی ڕووپێویدا 750 ناوچەی شوێنەواری لە دەشتی هەولێر تۆماركراون

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

خۆڵبارین دەستپێدەكاتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم بڵاویكردووەتەوە، ئەمشەو خۆڵبارینی سووك لە چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان دەستپێدەكاتەوە. بەپێی ڕاگەیەندراوێكی…
Total
0
Share