ئۆپراسیۆنێكی دژ بە داعش لە کەرکوک ئەنجامدرا

چەندین چەكی جۆراوجۆر دەستی بەسەرداگیراوە

لە ئۆپراسیۆنێکدا دژ بە داعش لە سنوری پارێزگای کەرکوک، چوار مۆڵگەی ڕێکخراوەكە خاپور کراوە و دەستگیراوە بەسەر ژمارەیەک کەلوپەل و پێداویستی چەكداراندا.

شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان ڕۆژی هەینی 30ی تشرینی یەكەم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاشكرایكرد، پشت بەست بە زانیاریی هەواڵگری، هێزێکی هاوبەشی دەزگای هەواڵگری و فیرقەی پێنجی پۆلیسی فیدڕاڵی، ئۆپراسیۆنێکیان دژ بە ڕێکخراوی داعش لە باشووری گوندی سەتیح لە ناحیەی ڕەشاد سەر بە قەزای داقوق لە پارێزگای کەرکوک ئەنجامداوە.

لە ئاکامی ئۆپراسیۆنەکەدا، چوار مۆڵگەی ڕێکخراوەکە خاپور کراوە، وەك ئەوەی لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە.

ئەوەش خراوەتەڕوو کە ئەو چوار مۆڵگەیە هەشت بۆمبی چێنراو، دوو مووشەکی کاتیۆشا و چەند کەلوپەلێکی دیکەیان تیادابووە.

لە کانونی یەکەمی ساڵی 2017، ھێزە عێراقییەکان و پێشمەرگە بە پاڵپشتیی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش و دوای سێ ساڵ لە شەڕی سەخت، کۆنتڕۆڵکردنەوەی تەواوی ئەو ڕووبەرەیان ڕاگەیاند کە بە یەک لەسەر سێی خاکی عێراق ھەژماردەکرا و داعش لە ھاوینی 2014ەوە کۆنتڕۆڵی کردبوو.

بەڵام لەوكاتەوە شانە نوستووەكانی داعش و چەكدارە پەرتەوازەبووەكانی ناوبەناو هێرش و پەلامار بۆ سەر هێزە ئەمنییەكان و هاوڵاتییانی مەدەنی ئەنجامدەدەن، بەتایبەت لە ناوچەكانی دەوروبەری پارێزگاكانی كەركوك و دیالە و سەڵاحەدین.

بابەتی پێشتر

حكومەتی هەرێم پەیامێك ئاراستەی قوربانیانی بومەلەرزەكەی توركیا و یۆنان دەكات

بابەتی دواتر

کەسێکی ئێرانی لەسەر دۆسییەی خنکانی خێزانە کوردەکە لە فەرەنسا دەستگیرکراوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share