دوای ئەوەی ڕۆژی هەینی دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا وەرگرتنی ژەمی سیێەمی ڤاکسینی کۆرۆنای بۆ سەرجەم پێگەیشتووان پەسەندکرد، زانایانی پزیشکی وەڵامی ئەو پرسیارە دەدەنەوە کە ئایا وەرگرتنی ژەمی سێیەمی ڤاکسینەکە بۆ سەروو تەمەنی 18 ساڵ تەندروستە؟
زانایانی بواری پەتا گواستراوەکان ناکۆکن لەسەر وەرگرتنی ژەمی سێیەمی ڤاکسینی کۆرۆنا بۆ سەرجەم پێگەیشتووان، هەندێکیان پێیانوایە ئەوانەی دوو ژەمی تەواوی ڤاکسینیان وەرگرتووە، کاریگەرییەکی تەواوی دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی نیشانە توندەکانی ڤایرۆسەکە و گیانلەدەستدان بەهۆی پەتاكەوە، ئەو بەشەی پسپۆڕان دەڵێن، برەودان بە دەنگۆی ژەمی سێیەمی ڤاکسین ئەو کەسانە دەیكەن کە پێیانوایە ڤاکسینەکان ناتوانن کاریگەرییان لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا هەبێت.
بەشێکی دیکە لە زانایانی پەتاناسی پاڵپشتیی تەواوی وەرگرتنی ژەمی سێیەمی ڤاکسینەکە دەکەن.
ئەمریکا ڕۆژی هەینی لە دوایین ڕاگەیەندراوی دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەو وڵاتەدا ڕەزامەندیی سیستمی تەندروستی بۆ وەرگرتنی ژەمی سێیەمی ڤاکسین لەلایەن سەرجەم پێگەیشتووانەوە نیشاندا.
بەشێکی زانایان بەپشتبەستن بە داتاکان دەڵێن، ئێستا کاتی وەرگرتنی ژەمی سێیەمی ڤاکسینە دژی کۆرۆنا دوای ئەوەی شەش مانگ بەسەر دووەم ژەمی ڤاکسینەکەدا تێدەپەڕێت، بەڵام بەشێکی دیکەیان مەترسییان لەو هەنگاوە هەیە و باس لەوە دەکەن، وەرگرتنی دوو ژەمی ڤاکسینەکە بەتەواوی کاریگەرە لەسەر ڤایرۆسەکە.
ڤینسینت ڕاجکۆمار پرۆفیسۆر لە “مایۆ کلینیک” لە ویلایەتی مینیسۆتای ئەمریکا ڕایگەیاند، بەپێی دوایین بەڵگە بەردەستەکان کە تاقیکردنەوەیەکی کۆمپانیای فایزەرە و لەسەر 10 هەزار کەسی سەروو 16 ساڵ ئەنجامدراوە، وەرگرتنی ژەمی سێیەمی کۆرۆنا ئاستی بەرگریی جەستە دژی ڤایرۆسەکە بۆ 95.6% بەرزدەکاتەوە.
هەروەها ئیسرائیل هەڵمەتێکی بەرفراوانی کوتان بە ژەمی سێیەمی ڤاکسینی کۆرۆنای دەستپێکردووە، بەمەبەستی پاراستنی زیاتر لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا و گۆڕاوی دەلتا، لەگەڵ ئەوەشدا دەسەڵاتی تەندروستیی بەریتانیا ئاشکرایکردووە، وەرگرتنی سێیەم ژەم دەتوانێت ئاستی بەرگری دژی ڤایرۆسەکە بەرزبکاتەوە زیاتر لەوەی دوو ژەم وەردەگرن.
سیلین گۆندەر پسپۆڕی نەخۆشییە گواستراوەکان لە زانکۆی نیویۆرک ڕای جیاوازی هەیە و پێیوایە ژەمی سێیەم پێویست نییە، ئەو پسپۆڕە پرسیاری ئەوە دەكات، “ئەوان دەیانەوێت لەڕێگەی ژەمی سێیەمەوە چوونە نەخۆشخانە و مردن بە پەتاکە کەمبکەنەوە یان دەیانەوێت ڤایرۆسەکە بنبڕ بکەن؟” دەڵێت، دیارە ژەمی سێیەم ناتوانێت ڤایرۆسەکە بنبڕ بکات، کەواتە باشترین و تەندروستترین ڕێگا بۆ کەمکردنەوەی چوونە نەخۆشخانە و گیانلەدەستدان کەمکردنەوەی بەرکەوتن و ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە.