جەژنی قوربان و مامەڵە لەگەڵ ئاژەڵ مەترسیی تای خوێنبەربوونی زیاتر كردووە

بەڕێوەبەری گشتیی خۆپاراستنی هەولێر مەترسیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون دەخاتەڕوو، کە لە عێراق جگە لە هەشت توشبوو، سێ حالەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراون، نەخۆشییەكە بەردەوام هەیە، بەڵام مەترسییەكە بەهۆی نزیكیی جەژنی قوربان و مامەڵەكردنی زیاتر لەگەڵ ئاژەڵ دروستبووە.

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا، دکتۆر سەرهەنگ جامباز بەڕێوەبەری گشتیی خۆپاراستنی هەولێر ڕایگەیاند، “هەردوو وەزارەتی تەندروستیی عێراق و هەرێمی کوردستان هۆشدارییان لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون و مەترسییەکانی داوە، چونکە ئێستا لە عێراق نەخۆشییەکە تۆمارکراوە”.

وتیشی، تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی جێگیرە و هەیە، بەڵام چەند ساڵ جارێک ژمارەی توشبووان بەرزدەبێتەوە و نەخۆشییەکە بڵاودەبێتەوە، بۆیە ئێستا کە جەژنی قوربان نزیکە و خەڵک زیاتر مامەڵەی لەگەڵ ئاژەڵدا دەبێت، مەترسییەکە زیاترە.

نەخۆشیی تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە بەهۆی خوێن، لیک و ئەو مێروانەی لەسەر جەستەی ئاژەڵن، ئەگەر ئاژەڵەکە توشبووی نەخۆشییەکە بێت.

دکتۆر سەرهەنگ ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی و خۆپاراستنی هەرێم بەوجۆرەیە، لە جەژنی قورباندا کە بەرکەوتن بە ئاژەڵ زۆرە، پێویستە تەنها لە سەربڕخانەکاندا و لەژێر چاودێریی پزیشکی پسپۆڕی ڤێتێرنەریدا ئاژەڵ سەرببڕدرێت، هەرەوەها سەرجەم پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان ڕێگری بکەن لە هەر کەسێک لەدەرەوەی سەربڕخانەکان ئاژەڵ سەربڕێت.

بەرپرسە تەندروستییەكەی هەولێر قسەی بۆ هاوڵاتیانیش هەبوو، ڕایگەیاند، “داوا لەهاوڵاتییان دەکەین تەنانەت بۆ ئەو گۆشتەی لە گۆستفرۆشەکان دەیکڕن دەستکێش بەکاربهێنن، لە ماڵەوەش بەبێ دەستکێش مامەڵە لەگەڵ هیچ جۆرە گۆشتێکدا نەکەن”.

سەبارەت بە چارەسەری نەخۆسییەکە، دکتۆر سەرهەنگ دەڵێت، سەرکەوتوویی چارەسەر دەکەوێتە سەر قۆناغی دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە، ئەگەر لەسەرەتای نەخۆشییەکەدا دەستنیشانبکرێت و چارەسەر وەرگرێت ئەگەری سەرکەوتنی زۆرە، بەڵام لە قۆناغە پێشکەوتووەکانی ڤایرۆسەکەدا ئەگەری مردنی زۆر بەرزدەبێت.

ڕۆژی پێنجشەممە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان هۆشداریدا لە مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون، دوێنێش وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند، هەشت حاڵەتی توشبوون و سێ گیانلەدەستدان بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون تۆمارکراون.

نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە قۆناغی سەرەتایدا دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی جەستەی مرۆڤ و بێهێزی، ئەگەر چارەسەر نەکرێت لە قۆناغە توندەکاندا دەبێتەهۆی تەقینی مولولەکانی خوێنی توشبوو.

تای خوێنبەربوون تائێستا هیچ جۆرە ڤاکسینێکی نییە و ڕێژەی گیانلەدەستدان بەوهۆیەوە 60%ــە.

بابەتی پێشتر

سلێمانی.. یەک هەفتە مۆڵەت دەدرێتە ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا و چەکی بێمۆڵەت

بابەتی دواتر

وەزارەتی کشتوکاڵ ڕێنمایی لەبارەی خۆپاراستن لە تای خوێنبەربوون بڵاوكردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share