گروپێكی حەشدی شەعبی هەڕەشەی شەڕكردن لەگەڵ ئەمریكا دەكات و كاتژمێری سفری دەستنیشانكرد

دوای داواكەی موقتەدا سەدر بۆ هەڵوەشاندنەوەی “میلیشیاكان و پاكتاوكردنی حەشدی شەعبی لە ئەندامە لادەر و دەرچووەكان”، حزبوڵڵای عێراقی و كەتیبەكانی سەید شوهەدا كە بە دوو سەرسەختترین نەیاری ئەمریكا لە عێراق وێنادەكرێن، دوو بڕیاری چاوەڕواننەكراویان دا، یەكەمیان گروپێكی چەكداریی خۆی هەڵوەشاندەوە، بەڵام دووەمیان هێزی زیاتر پێكدەهێنێت و هەڕەشەی ڕووبەڕووبوونەوەی چەكداری لە ئەمریكا دەكات و ڕۆژ و كاتژمێرەكەشی دەستنیشانكردووە.

ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی، “دەبێت حەشدی شەعبی لە كاروباری سیاسیدا بەكارنەهێنرێت و گروپە میلیشیاكان هەڵبوەشێندرێنەوە و حەشدی شەعبی لە ئەندامە لادەر و دەرچووەكان پاكتاوبكرێت”.

ڕۆژی دواتر سەدر بڕیاری دا لیوای “یەومولمەوعود”ی حەشدی شەعبی هەڵبوەشێنێتەوە و سەرجەم بارەگاکانی دابخات و وتی، وەک نیشاندانی نیازباشی، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی لیوای یەومولمەوعودی داوە و داوایان لێدەکات هەر چەکێکیان لاماوە ڕادەستیبکەوەنەوە و سەرجەم بارەگاکانیشیان دابخەن.

هەر دوێنێ، کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراقی، وەك بەدەمەوەچوونی داواکارییەکەی سەدر، هەڵوەشاندنەوەی گروپێكی چەكداریی خۆی بەناوی “سەرایا دیفاع شەعبی” ڕاگەیاند، بەڵام لەهەمانكاتدا ئەبوعەلی عەسکەری وتەبێژی فەرمیی کەتیبەکانی حزبوڵڵا وتی، “پێویستە سەرەتا هێزەکانی سەر بە سەدر چەکەکانیان دابنێن، دواتر داوای چەکداماڵینی هێزەکانی تر بکرێت”.

لە پێشهاتێكی چاوەڕواننەكراودا و پێچەوانەی ئەو ڕووداوانەی دوو ڕۆژی ڕابردووی نێوماڵی شیعەكان و ڕیزەكانی حەشدی شەعبی، ئەمڕۆ شەممە گروپێكی تری سەر بە حەشد، كردنەوەی دەرگای خۆبەخشی بۆ ئەو كەسانە كردەوە، كە دەیانەوێت بچنە ڕیزەكانییەوە و چەك لەدژی ئەمریكا هەڵبگرن.

ئەبو ئالا وەلائی، سەركردەی كەتیبەكانی سەید شوهەدا ئەمڕۆ شەممە لە تویتێكدا هەڕەشەی دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراقی كرد و ڕایگەیاند، “دەرگای خۆبەخشی و هاتنە ڕیزەكانی كەتیبەكانی سەید شوهەدا دەكەینەوە، وەك ئامادەكارییەك بۆ كاتژمێری سفر”، كە مەبەست لێی دەركردنی هێزەكانی ئەمریكایە.

لە تویتەكەیدا سەركردەی كەتیبەكانی سەید شوهەدا، وادەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چەكدارانە لەگەڵ هێزەكانی ئەمریكا دەستنیشانكرد و داوای لە گروپەكانی بەرگری كرد “ئاستی ئامادەباشییان بەرزبكەنەوە، وەك ئامادەكاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی یەكلاكەرەوە و مێژوویی لەگەڵ داگیركاریی ئەمریكادا لەدوای كاتژمێر 12ی شەوی 31ی كانونی یەكەم”.

دوای تویتەكەی وەلائی، میدیاكانی نزیك لە حەشدی شەعبی بڵاویانكردەوە، هەر ئەمڕۆ هەزاران داواكاری و پرسیاریان پێگەیشتوون و داوای ڕوونكردنەوە دەكەن لەبارەی چۆنێتیی پێشكەشكردنی مامەڵە و پەیوەندیكردن بە ڕیزەكانیانەوە.

بەپێی ڕێككەوتنی نێوان بەغداد و واشنتن و بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بڕیارە لە كۆتایی ئەمساڵدا هێزە شەڕكەرەكانی ئەمریكا لە عێراق بكشێنەوە، بەڵام گروپەكانی حەشدی شەعبی گومانیان هەیە لەوەی ئەمریكا لەو وادەیەدا تەواوی هێزەكانی لە عێراق بكشێنێتەوە.

لە ماوەكانی ڕابردوودا، چەندین هێرشی مووشەكی لەڕێگەی درۆنەوە كراونەتەسەر هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، حزبوڵڵای عێراقی و كەتیبەكانی سەید شوهەدا، زۆربەی ئەو هێرشانەیان لەئەستۆگرتوون.

ئەم پێشهاتانە لەكاتێكدان، ئەمڕۆ شەممە لوید ئۆستن وەزیری بەرگریی ئەمریكا، هەڕەشەی ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران و ئەو گروپانەی كرد كە لێیەوە نزیكن و وتی، “دژی هەر لایەنێك دەوەستینەوە سەربەخۆیی و سەروەریی عێراق پێشێلبكات”.

وەزیری بەرگریی ئەمریكا، لەمیانەی وتارێكیدا لە 17یەمین كۆنگرەی گفتوگۆی مەنامە لە بەحرەین كە تایبەتە بە تاوتوێكردنی ئاڵنگارییە ئەمنییەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان، وتی، “بەرگری لە بەرژەوەندییەكانمان لە ناوچەكەدا دەكەین و تێكەڵەیەكی گونجاوی هێز كۆدەكەینەوە بۆ بەرپەرچدانەوەی ئێران، هێزەكانمان لە ئێران و بریكارەكانی دەپارێزین، ئەمریكا هێزی زۆری لە ناوچەكەدا هەیە و ئەگەر پێویست بێت هێزی زیاتریش دەهێنین”.

بابەتی پێشتر

وەزیری بەرگریی ئەمریکا پشتیوانیی خۆی بۆ پێشمەرگە دووپاتدەکاتەوە

بابەتی دواتر

ڕیاڵ مەدرید یاریی پەیوەندی و بەرژەوەندی لەگەڵ پاریس دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

جۆن كێربی داوای لێبوردن دەكات

وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی لە كۆشكی سپی داوای لێبوردنی كرد لەو لێدوانە هەڵەیەی گوایە واشنتن بەغدادی ئاگاداركردووەتەوە بەر…
Total
0
Share