لە تاقیكردنەوەیەكی ستراتیژیدا بۆ پارێزگاریكردن لە زەوی، ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەمریكی (ناسا) پلان بۆ هەڵدانی كەشتییەكی ئاسمانی دادەنێت، تا بیكێشێت بە هەسارۆچكەیەكدا، بەپێی ڕاپۆرتێك كە گۆڤاری نەیچەر-ی زانستی بڵاویكردووەتەوە.
هەسارۆچكەكە كە ناسا پلان بۆ بەرپێگرتنی دادەنێت ناوی “دیمۆرفۆس”ــە، مایەی هەڕەشەنییە بۆسەر هەسارەی زەوی، بەڵام توێژەران دەیانەوێت بزانن ئایا دەتوانن ئاراستەكەی بگۆڕن، ئەمەش وەك هەنگاوێكی توێژینەوەیی بۆ ڕێگری و گۆڕینی ئاراستەی هەر هەسارۆچكەیەكی مەترسیدار، كە بە ئاراستەی زەوی بێت.
ئاندی ریفكین، زانای هەسارەكان لە زانكۆی جۆنز هۆپكنز لەوبارەیەوە دەڵێت، لە تاقیكردنەوەكەدا “ئەگەرەكانی بوونی تەنێكی گەورەی وا كە لەناوبردنی كێشەبێت بۆمان، هەرچەند ئەگەرێكی لاوازیش بێت”، تاوتوێدەكرێت، ئاماژەی بەوەكرد تاقیكردنەوەكە هاوشێوەی هەنگاوێكی “دڵنیابوونە” بۆ لەناوبردنی ئەو مەترسییانەی دەشێت ڕووبەڕووی هەسارەی زەوی ببێتەوە.
نانسی شابوت، زانای تایبەت بە هەسارەكان ئەوەی خستەڕوو، تاقیكردنەوەكە بۆ هەسارەی زەوی بەتەواوی بێ كێشەیە و لە دووریی 11 ملیۆن كیلۆمەتر لە زەوییەوە ڕوودەدات.
ئەو كەشتییە ئاسمانییەی بڕیارە لە 23ی ئەم مانگە ڕەوانەی ئاسمان بكرێت ناوی (دارت)ــە، دەیەوێت هەردوو هەسارۆچكەی (دیمۆرفۆرس) و (دیدیمۆس) بكاتە ئامانج كە یەكێكیان بە دەوری ئەوی دیكەیاندا دەخولێتەوە و هەردووكیشیان بە دەوری خۆردا دەخولێنەوە.
ئەگەر هەڵدانی كەشتیی دارت بە سەركەوتوویی بەڕێوەبچێت، لە مانگەكانی ئەیلول و تشرینی یەكەمی ساڵی داهاتوودا دیمەنی بەركەوتنی بە هەسارۆچكەی (دیمۆرفۆس) بە خێرایی 6.6 كیلۆمەتر لە چركەیەكدا دەبینین.
توێژەران پێشبینی دەكەن بەركەوتنەكە ببێتە هۆی كەمكردنەوەی خولانەوەی (دیمۆڤۆرس) و زیادبوونی خێراییەكەی بە 73 چركە زیاتر لەوەی پێشووی.
ناسا چاودێریی زیاتر لە 27 هەزار هەسارۆچكە بە دووریی جیاواز لە دەوروبەری هەسارەی زەوی دەكات، كە زۆرینەی ئەوانەی دێنە ناو بەرگە هەوای زەوییەوە پارچە پارچەدەبن و بێ زیان لەسەر زەوی دەكەونەوە، توێژەران دەیانەوێت چارەسەرێك بدۆزنەوە بۆ ڕێگەری لە بەركەوتنی هەسارۆچكە بە زەوی، وەك ئەوەی بەر لە 66 ملیۆن ساڵ ڕوویدا و بووە هۆی لەناوبردنی دایناسۆڕەكان و سەرجەم جۆرەكانی ژیان لەسەر هەسارەكە.