ئاژانسە هەواڵییەکانی ئیسرائیل ئاشکرایانكرد، کارمەندێکی نووسینگەی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل دەستگیرکراوە، بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئێران.
ڕۆژنامەی “تایمز ئۆف ئیسرائیل” ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، “بەپێی ئەو زانیاریانەی لە دەزگای ئاسایش و زانیاریی ئیسرائیل – شاباک وەرگیراوە، دەرکەوتووە کەسێک بەناوی (عومری گورن) خزمەتکار لە ماڵی بینیامین گانتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل سیخوڕیی بۆ ئێران کردووە”.
بە پێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە، ئەو کەسە بە زوویی دەستیگیرکراوە و نەیتوانیووە کارەکانی بۆ ئێران تەواوبکات، یان کاریگەری هەبێت.
ئەو کەسەی دەستگیرکراوە، تۆمەتی “سیخوڕی” بەسەریدا ساغبووەتەوە و دەکرێت ماوەی 10 بۆ 15 ساڵ حوکم بدرێت.
ڕۆژنامە ئیسرائیلییەکە ئاشکرایکردووە، ئەو کەسەی دەستگیرکراوە، پێشنیازی پارەیەکی زۆر و پێدانی ئیمتیازی لە دەرەوەی ئیسرائیل لەلایەن ئێرانەوە پێدراوە.
لەسەر هەمان پرس، ڕۆژنامەی “جوراسلیم پۆست”ی ئیسرائیلی ئاشکرایکردووە، “ئەو کەسەی دەستگیرکراوە پێشینەی تاوانی هەیە و پێشتریش پەیوەندیی بە گروپێکی هاککەرەوە هەبووە”.
دەزگای ئاسایش و زانیاریی ئیسرائیل – شاباک ڕایگەیاندووە، “ئەو کەسەی دەستگیرکراوە ویستوویەتی ئامێرێکی سیخوڕی لەسەر کۆمپیتەری وەزیری بەرگریی دابنێت”.