لوتکەی ئاووهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان(COP26) لە گلاسكۆ، دوای گفتوگۆ و ناکۆکیی توندی نێوان وڵاتانی پێشکەوتوو و وڵاتانی تازەگەشەسەندوو، وڵاتانی بەشداربووی لوتکەکە گەیشتنە ڕێککەوتنێک سەربارەت بە گۆڕانکارییەکانی ئاووهەوا.
گفتوگۆکانی لوتکەی ئاووهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان درێژەی کێشا، تەنانەت تا دوای کاتی زیادکراوی لوتکەکەش، ئەمەش بەهۆی ناکۆکییە توندەکانی وڵاتان لەبارەی وزەی بەردین و بڕی ئەو پارەیەی وڵاتانی دەوڵەمەند پێشکەش بە وڵاتانی تازەپێگەیشتووی دەکەن وەک هاوکارییەک بەهۆی قەیرانەکانی ئاووهەواوە.
کۆتا داڕشتنی ڕێککەوتنەکە بەئاشکرا باسی خەڵوز دەکات وەک یەکێک لە گەورەترین هۆکاری گۆڕانکارییەکانی ئاووهەوا، ئەوە یەکەمجارە ڕێککەوتنەکانی ئاووهەوا جەختبکاتەوە لەسەر خەڵوز، نەوت، گاز و وزە بەردینەکان بەشێوەیەکی گشتی وەک بزوێنەر و هۆکارێکی سەرەکی لە دروستبوونی گۆڕانکارییەکانی ئاووهەوا.
کۆتا ڕەشنووسی ڕێککەوتنەکە گۆڕانکاریی لە زمانی نووسینەکەیدا کردووە سەبارەت بە وزە بەردینەکان، ئەمەش دوای ڕەخنەگرتنی زۆری ئێران و هیندستان لەوبارەیەوە.
ڕێککەوتنی کۆتایی، لەبری “ڕەتکردنەوەی” وزەی بەردین و دەستبەرداربوونی تەواوەتی، باس لە “خۆڕزگارکردنی” پلەبەپلە دەکات لە وزەی بەردین وەک شوێنگرەوەیەك.
زانایان باس لە هەنگاوی بەپەلە دەکەن بۆ ڕێگریکردن لە گۆڕانکارییەکانی ئاووهەوا و قەتیسبوونی گەرما تاوەکو ڕێگری لە ڕوودانی کارەسات بکرێت.