سەربازێكی پۆڵەندی لەسەر سنووری بیلاڕوسیا كوژرا

گولـلە لە چەكەكەیەوە دەرچووە

سوپای پۆڵەندا كوژرانی سەربازێكی لەنێو ئەو هێزەدا كە وڵاتەكەی لەسەر سنوورەكانی لەگەڵ بیلاڕوسیا بۆ ڕێگری لە شەپۆلی كۆچبەران دایناوە ڕادەگەیەنێت.

بەپێی ڕاگەیەنراوێك، كە لەلایەن ئەو هێزەی سوپای پۆڵەندا لە زاگان (باشووری ڕۆژئاوا) جێگیركراون، بڵاوكراوەتەوە هاتووە، “ڕووداوێكی نەخوازراو لە ناوچەی سنووری پۆڵەندا-بیلاڕوسیا بووەتە هۆی كوژرانی سەربازەكە”.

بەپێی پێدراوەكانی سوپا، گولـلە لە چەكی سەربازەكەوە دەرچووە بەبێ دەستێوەردانی هیچ لایەك. سوپاش دووپاتیكردەوە، قوربانییەكە “هیچ پەیوەندییەكی بە كۆچبەرانەوە نەبووە”.

پۆڵەندا نزیكەی 15 هەزار سەربازی بەدرێژایی سنوورەكانی لەگەڵ بیلاڕوسیا بڵاوەپێكردوە، سەرەڕای هێزەكانی پۆلیس و پاسەوانی سنوور، هەروەك ماوەی سێ مانگە باری لەناكاوی لە ناوچەكەدا ڕاگەیاندووە.

هەزاران كۆچبەر، كە زۆرینەیان كوردن، ماوەی چەند هەفتەیەكە لە سنووری نێوان هەردوو وڵات بە هەڵپەسێردراوی لە دۆخێكی دژواری مرۆییدا ماونەتەوە، ڕیكخراوی تەندروستیی جیهانی ڕۆژی هەینی “نیگەرانی قوڵی” بۆ بارودۆخیان نیشاندا.

ئەو كۆچبەرانە دەیانەوێت پۆڵەندا بەرەو وڵاتانی ئەوروپا ببڕن، لەكاتێكدا لەلایەن ئەو وڵاتەوە ڕێگرییان لێدەكرێت.

دەربارەی دەنگۆی کردنەوەی سنوورەکان بەڕووی کۆچبەراندا دوێنێ ستانیسلاو زارین، وەزیری هاریکاریی و خزمەتگوزاریی تایبەتی پۆڵەندا لە تویتەری خۆیەوە نوسی، “دەنگۆ بڵاوبووەتەوە گوایە ئەڵمانیا کۆچبەرەکانی سەر سنووری پۆڵەندا بە پاس دەگوازێتەوە، ئەوانەی ئەم دەنگۆیە بڵاودەکەنەوە دەیانەوێت هانی کۆچبەران بدەن کە سنووری پۆڵەندا تێپەڕێنن، ئەمە دۆخێکی مەترسیدار دروستدەکات”.

ئەو بەرپرسە پۆڵەندییە دوپاتیدەکاتەوە، کە سنورەکانیان بەهێزی تایبەتی پۆڵەندا و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا دەپارێزن.

بابەتی پێشتر

دیالە.. لەکاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکدا سێ ئەندامی هێزە ئەمنییەکان کوژران

بابەتی دواتر

لوتکەی ئاووهەوا.. جیهان پلەبەپلە دەستبەرداری وزەی بەردین دەبێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

‏”پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەكان دەبین”‏
سەرۆک وەزیرانی سوید لەبارەی هەماهەنگی لەگەڵ توركیادا دڵنیایی دەدات

سەرۆک وەزیرانی سوید لەبارەی ڕێککەوتنیان لەگەڵ تورکیا و نزیکبوونەوەیان لە ‏ئەندامبوونی هاوپەیمانیی ناتۆ، پەیامێكی دڵنیاكەرەوە دا و دەڵێت،…
Total
0
Share