جێگری نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا، ڕایگەیاند، لە ڕۆژئاوای کوردستان دەمێننەوە و پێشوازی لە چارەسەری سیاسی دەکەن بۆ کوردەکانی سوریا.
دەیڤید بروبشتاین، جێگری نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ شاندی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد “ئەنەکەسە” ڕایگەیاند، “ئەمریکا هێزەکانی لە ڕۆژئاوای کوردستان دەهێڵێتەوە و چاوەڕوانی چارەسەرێکی سیاسی دەکەین بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان”.
ئەو بەرپرسەی ئەمریکا جەختدەکاتەوە پابەندن بەو بەڵێنانەی بە مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات-یان داوە و ناوەڕۆکی بەڵینەکان بۆ ئەوان گرنگە.
پیشتر مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە ڕایگەیاندبوو، ئەمریکا و ڕوسیا، وەک دوو هێزی کاریگەر لە سوریا، ڕێگەنادەن تورکیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامبدات.
ماوەی زیاتر لە مانگێکە، سوپای تورکیا هەڕەشەدەکات بەبیانووی پاراستنی سنوورەکانییەوە دەیەوێت ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامبدات و باکووری ڕۆژئاوای فورات یەکەم هەنگاوی دەبێت.