سەركردەیەكی هاوپەیمانیی فەتح دوایین پێشهاتەكانی پەیوەندیدار بە گفتوگۆی لایەنە سیاسییەكان سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق ئاشكرادەكات.
سەعد سەعدی، سەركردە لە هاوپەیمانیی فەتح ڕایگەیاند، تائێستا لێكتێگەیشتن لەنێوان ژمارەیە لە هێزە سیاسییەكان لەئارادایە دەربارەی پێكهێنانی حكومەتی نوێ، بەڵام هیچ ڕێككەوتنێكی ڕاستەقینە و كۆتایی لەنێوان ئەو هێزانەدا نییە “بەتایبەت لەسایەی بەردەوامیی گرفتی ئەنجامی ساختەكراوی هەڵبژاردن، ناكرێت هیچ هاوپەیمانی و ڕێككەوتنێك لەسەر بنەمانی ئەنجامێكی ساختە بكرێت”.
وتیشی، “هاوپەیمانیی ڕاستەقینە و تەنانەت ڕێككەوتنیش لەنێوان لایەنە سیاسییەكاندا دەربارەی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق، یان دیاریكردنی سەرۆكەكەی، پاش ڕاستاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پێشخراوەی ئەنجومەنی نوێنەران دەبێت لەلایەن دادگای باڵای فیدڕاڵی.
سەعدی دووپاتیشیكردەوە، بەر لە ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەر گفتوگۆ یان ڕێككەوتنێك كۆتایی نییە و شایەنی گۆڕانكارییە لەهەر كاتێكدا بێت.
لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردن گفتوگۆ و دیداری نێوان لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن دەستیپێكردووە، لە دوو هەفتەی ڕابردوو دیدار و گفتوگۆكان چڕتربوون، هەنگاوی یەكلاكەرەوە بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانی و دواتریش حكومەتی نوێ دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی دەبێت كە بەپێی وتەی كۆمسیۆن نزیكەی 10 ڕۆژی دیكە دەخایەنێت.
كورد بەشێك لەو گفتوگۆیانە پێكدەهێنێت، لەو چێوەیەدا ڕۆژی سێشەممە شاندێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان گەیشتە بەغداد لەو ماوەیەدا دوو دیداری لەگەڵ فالح فەیاز و ڕەوتی سەدر ئەنجامداوە.
پێشتر ستران عەبدوڵڵا، بەرپرسی مەكتەبی ڕاگەیاندنی یەكێتی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “لە دوو كۆبوونەوەی پێشووی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بڕیاردرا، یەكێتی چاودێریی ئەو دۆخە بكات كە لە بەغداد هەیە و شاندێك ڕەوانەبكات بەهۆی ئەوەی ڕووداوەكان بەپەلە گۆڕانكارییان بەسەردا دێت”.
وتیشی، بڕیارە شاندەكە “چەند كۆبوونەوەیەك ئەنجامبدات تاوەكو بۆچوونی لایەنەكان بزانن لەبارەی پێكهێنانی حكومەت و ئاراستەی ھێز و لایەنەکان و ژینگەی تەوافوقی دوای هەڵبژاردنەكان، پاشان شاندەكە ڕێگە خۆشدەكات بۆئەوەی شاندێكی دیكەی باڵای یەكێتی سەردانی بەغداد بكات”.