نوێنەری حكومەتی هەرێم لە پۆڵەندا ڕەخنە لە كۆچبەران دەگرێت
چیرۆك هەڵدەبەستن و ناوبانگی هەرێمی كوردستانیان ناشرین كردووە

“ئەو کەیسانەی پێشکەشی دەکەن، شتی زۆر ناڕاست و ناڕەوا باس دەکەن”

نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پۆڵەندا، كە سەر بە پارتییە، ڕەخنە لە كۆچبەرانی كورد لە بیلاڕوسیا دەگرێت، بەوەی چیرۆك هەڵدەبەستن و ناوبانگی هەرێمی كوردستانیان ناشرین كردووە، تەنانەت بە درۆكردن تۆمەتباریان دەكات.

زیاد ڕەئوف نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵەندا، كە سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستانە، قسەی بۆ بەشی كوردیی دەنگی ئەمریكا كردووە، ڕەخنەی لە كۆچبەرانی كورد گرتووە و تۆمەتباری كردوون بەوەی زیانیان بە ناوبانگی هەرێمی كوردستان گەیاندووە.

بەوتەی نوێنەرەكەی حكومەتی هەرێم، “کەیسی ئەو کۆچبەرانە زۆر زۆر زیانی داوە لە ناوبانگی هەرێمی کوردستان، چونکە ئەو کەیسانەی پێشکەشی دەکەن لە پۆڵەندا، شتی زۆر ناڕاست و ناڕەوا باس دەکەن سەبارەت بە هۆکاری کۆچکردنیان، هی وای هەیە دەڵێت، من ڕۆژنامەنووسم ئەگەر لە کوردستان بژیم دەستگیردەکرێم و ئەشکەنجە دەدرێم، بەشێکیش لەو گەنجانە وتویانە پارتی بەزۆر دەماننێرێت بۆ شەڕی پەکەکە، ئیتر زۆر چیرۆکی هەڵبەستراوی تریان دروستکردووە، کە عەقڵ قبوڵی ناکات”.

لەبارەی ژمارەی كۆچبەرانی كورد لە بیلاڕوسیا و پۆڵەندە، زیاد ڕەئوف ئاشكرایكردووە، هیچ ئامارێکی فەرمییان لەسەر ژمارەی تەواوی کۆچبەرە کوردەکان لانییە، تەنها ئەو ئامارانە نەبێت كە لە میدیاكان و بەرپرسانی پۆڵەندا و وتەبێژی پاسەوانی وڵاتەكەوە بڵاوكراونەتەوە و باس لەوە دەکەن هەزار و 200 کۆچبەر لە پۆڵەندا هەن هەڵگری پاسپۆڕتی عێراقین و زۆربەیان کوردن.

سەبارەت بە ئاماری کوردە کۆچبەرەكانی بیلاڕوسیاش، “بەپێی ئەو ئامارە فەرمییانەی بڵاودەکرێنەوە و میدیاکان باسیدەکەن، 3-4 هەزار کۆچبەر لەسەر سنوورن کە زۆربەیان کوردن”.

بابەتی پێشتر

كەنەكە: توركیا دەیەوێت لەڕێگەی كۆچەوە كوردستان لە كوردان چۆڵبكات

بابەتی دواتر

چاكبووەوە، ڤاكسینكراو، چاكبووەوەی ڤاكسینكراو <br> كامیان بەرگرییان بەرامبەر كۆرۆنا زیاترە؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share