چاكبووەوە، ڤاكسینكراو، چاكبووەوەی ڤاكسینكراو
كامیان بەرگرییان بەرامبەر كۆرۆنا زیاترە؟

زانایانی کەنەدی توێژینەوەیەکیان سەبارەت بە دروستبوونی دژەتەن لەجەستەدا بەرامبەر ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەنجامداوە، بەمەبەستی زانینی جیاوازیی ئاستی دروستبوونی بەرگریی جەستە لەدوای کوتان و هەروەها دوای چاکبوونەوە لە کۆرۆنا.

ئاشکرایکردووە، ئەوانەی ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە بەرگریی زیاتر لەجەستەیان دروستدەبێت بەراورد بەوانەی لە ڤایرۆسەکە چاکبوونەتەوە، بەڵام ئەوانەی چاکبوونەتەوە لە ڤایرۆسەکە و هەروەها ڤاکسینیشیان وەرگرتووە، دژەتەن لەجەستەیاندا زۆر زیاترە لەوانەی تەنها ڤاکسینیان وەرگرتووە.

هەر بەپێی توێژینەوە كەنەدییەكە، ئەو کەسانەی بەتەمەنن و لەسەرەتای بلاوبوونەوەی پەتاكەوزە تووشی کۆرۆنا بوون و چاکبوونەتەوە، ئێستا دەرکەوتووە بەرگرییەکی زیاتریان هەیە بەرامبەر گۆڕاوی “دەلتا” بەراورد بەو گەنجانەی لەهەمان ماوەدا تووشبوون و چاکبوونەتەوە.

زانایانی کەنەدی هەستاون بە ئەنجامدانی توێژینەوەیەک بۆ بەراوردکردنی بەرگریی جەستە لەنێوان سێ دەستەدا، ئەوانەی تووشی ڤایرۆسەکە بوون و چاکبوونەتەوە، ئەوانەی ڤاکسینیان وەرگرتووە، ئەوانەی چاکبوونەتەوە و ڤاکسینیان وەرگرتووە.

توێژینەوەکە لە سەرەتای ساڵی 2020 بەر لە سەرهەڵدانی گۆڕاوەکانی “دەلتا”، “بیتا” و “گاما” ئەنجامدراون، ژمارەیەک لەوانەی تووشی ڤایرۆسەکە بوون و بەشداربوون لە توێژینەوەکەدا، دوای چاکبوونەوەیان ڤاکسینیان پێدرا.

ئەنجامی توێژینەوەکە دەریخستووە، ئەوانەی چاکبوونەتەوە لە ڤایرۆسەکە بەرگریی جەستەیان لاوازترە لەوانەی ڤاکسینیان وەرگرتووە، هەروەها ئەوانەی چاکبوونەتەوە و ڤاکسینیان پێدراوە بەرگرییان لە هەردوو جۆرەکەی دیکە زیاترە.

هەروەها توێژینەوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، ئەوانەی تەمەنیان سەروو 50 ساڵە و چاکبوونەتەوە بەرگریی جەستەیان بەهێزترە بەرامبەر گۆڕاوی “دەلتا”، بەراورد بەوانەی تەمەنیان کەمترە، هەروەها دوای تێپەڕینی زیاتر لە 16 هەفتەش دژەتەن لەخوێنیاندا دژی ڤایرۆسەکە هەیە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share