وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق ئاشکرایکرد کە ئێران هەستاوە بە گۆڕینی ڕێڕەوی زیاتر لە 20 ڕووبار کە دێنە ناو عێراقەوە، ئەمەش پێشێلکردنی بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکانە.
مەهدی حەمدانی وەزیری سەرجاوەکانی ئاوی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، وڵاتی ئێران ڕێڕەوی ئەو ڕووبارانەی گۆڕیوە کە دێنە ناو خاکی عێراقەوە و ئەوانە بەسروشتی خۆیان ڕەڕەوەکانیان بە خاکی عێراقدا تێدەپەڕێت و پەیوەندیی بە ململانێ و ناکۆکییەکانی نێوان وڵاتانی دەوروبەرەوە نییە، بۆیە ئەو کارە پێچەوانەی بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکانە.
وتیشی، بۆ لێکۆڵینەوە و زانیاریی لەوبارەیەوە نەسراوێکمان داوەتە وەزارەتی دەرەوە تاوەکو گفتوگۆ لەگەڵ باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران بکات لەوبارەیەوە.
وەزیری سەرچاوەکانی ئاو ئاماژەی بەوەکرد، کە وڵات ڕووبەڕووی ئاوارەبوونی ناوخۆیی هاوڵاتیانی بووەتەوە بەهۆی گۆڕینی ڕێڕەوی ئەو ڕووبارانە و بێئاوییەوە، بەتایبەت لە بەسرە، میسان، واسیت و دیالە، کاریگەریی ئەو کەمئاوییەش لە زۆنگاوەکانی حەوێزە بەشێوەیەکی زۆر دەرکەوتووە.
مەهدی حەمدانی داوای لە وڵاتانی دراوسێی عێراقیش کرد کە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی عێراق بکەن بۆ هەوڵەکانی لە وەرگرتنی مافە ئاوییەکانی عێراق.