زانیاریی نوێ لەبارەی هێرشەكەی سەر ماڵی كازمی ئاشكراكرا

لایەنە ئەمنی و سەربازییەكانی عێراق ئەو شوێنەیان دیاریكردووە كە درۆنەكانی لێوە ئاراستەكراون بۆ هێرشكردنە سەر ماڵی كازمی، درۆنەكان بۆمبڕێژكراو بوون و بە نزمی فڕیوون بۆ دووركەوتنەوە لە سیستمی ڕادار.

یەحیا ڕەسول، وتەبێژی مستەفا كازمی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵی عێراقیەی ئەخبارییە، ئاشكرایكرد، دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشەکەی سەر ماڵی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراقیان ئەنجامداوە، نەك سێ فڕۆكەی بێفڕۆكەوان.

بەپێی سەرەداوە نوێكان، دوو فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكە لە دووریی 12 کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی بەغدادەوە ئاراستەکراون، بەڵام یەحیا ڕەسول ڕەتیكردەوە شوێنی تەواوەتیی هەڵدانی فڕۆكەكان ئاشكرابكات و وتی، “جێهێڵراوە بۆ لیژنەی لێكۆڵینەوە”.

ڕەسول وتیشی، لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەعێراق نزیکنەبوونەتەوە، تا نەبنە جێگەی سەرنج و ئامانجی سیستمی دژەمووشەکی C-RAM و چاودێریی باڵیۆزخانەکە.

وتەبێژەكەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئاشكراشیكردووە، هەردوو درۆنەکە بەئاستێکی نزم فڕیون تا لەرێگەی سیستمی ڕادارەوە ئاشكرانەكرێن، ئەمە جگە لەوەی خودی درۆنەكان بچووك بوون و فڕۆكە بێفڕۆكەوانە پێشكەوتووەكان نەبوون تا سیستمی ڕادار ئاشكرایانبكات.

هەردوو درۆنەكە بۆمبڕێژکراو بوون و لەگەڵ خستنەخوارەیاندا تەقیونەتەوە، وەك ئەوەی وتەبێژەكەی كازمی ئاشكرایكردووە.

بابەتی پێشتر

ڕێكخراوی CPT: سزادانی زیندانیكراوانی بادینان سیاسییە

بابەتی دواتر

مێتا ناتوانێت بێ پاشگر ناوەكەی لە ئینستگرام بەكاربێنێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share