مەرجەکانی ئەو 20 شوێنەی کە عێراق بۆ دروستکردنی بنکەی ئەتۆمی دیاریکردوون

ئەگەرچی دامەزراندنی بنکەی ئەتۆمی بۆ دابینکردنی کارەبا لە عێراق هەوڵێکی کۆنە، بەڵام دەستەی عێراقی بۆ کۆنترۆڵکردنی سەرچاوە تیشکدەرەکان ئاشکرایکردووە 20 شوێن، کە پێوەرەکانیان تێدایە دەستنیشانکراون بۆ دامەزراندنی بنکەی ئەتۆمی.

کەمال حسێن لەتیف، سەرۆکی دەستەی عێراقی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سەرچاوە تیشکدەرەکان بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاندووە، “ئەو شوێنانەی دەستنیشانکراون 20 شوێنن، کە مەرجەکانیان تێدایە بۆ دامەزراندنی بنکەی ئەتۆمی بۆ دروستکردنی کارەبا”.

دەستنیشانکردنی شوێنەکان و مەرج و خاسییەتەکانیان بە ڕاپۆرتێک ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەکرێت تا بڕیاری لەسەر بدرێت.

ئەو شوێنانەی کە دەستنیشانکراون، دەبێت نزیکەی سێ کیلۆمەتر لە ناوچەی نیشتەجێبوونی خەڵک دووربێت و لەهەر کیلۆمەترێکی چوارگۆشەدا نابێت لە 500 کەس لەو شوێنەدا نیشتەجێبن.

هاوکات ناوچەی دروستکردنی بنکەکان نابێت شاخاوی بێت و مەترسی لافاو و کارەساتە سروشتییەکانی لێنزیکبێت، لەوانە ڕودانی بومەلەرزە و شوێنەکان نابێت لەماوەی ڕابردوودا حاڵەتی بومەلەرزەیان تێدا تۆمارکرابێت بە پلەی 2 بەپێوەری ڕێختەر.

مێژووی بنکەی ئەتۆمی لە عێراق

لە ساڵی 1977 دا یەکەم بنکەی ئەتۆمی لە 18  کیلۆمەتری لە باشوری ڕۆژهەڵاتی بەغداد لەلایەن حکومەتی ئەوکاتی عێراقەوە بونیادنرا و تێچووی بنکە ئەتۆمییەکەش لەلایەن سعودییەوە خەرجکرا.

دوای دامەزراندنی بنکەکە نیگەرانی وڵاتانی ڕۆژئاوا و دەوروبەری لێکەوتەوە و هەڕەشەی هێرشکردنە سەر بنکەکە لەلایەن ئێران و وڵاتانی دیکەوە وایکرد، کە زانا ئەوروپاییەکان بنکەکە جێبهێڵن.

سەدام حسێن، سەرۆککۆماری ئەوکاتی عێراق بەردەوام ئەوەی دووبارە دەکردەوە کە عێراق یەکەم وڵاتی عەرەبی دەبێت دەستی بە چەکی ئەتۆمی دەگات، ئەمەش هەڕەشەی جدی بوو بۆ ئیسرائیل، چونکە عێراق پێشتر هەڕەشەی سڕینەوەی ئیسرائیلی کردبوو، بۆیە لە ساڵی 1981 بنکە ئەتۆمییەکە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بە چەند فڕۆکەیەک وێرانکرا.

بابەتی پێشتر

یوئێن لەسەر دۆسییەی خۆسوتاندنی هاوڵاتییە ڕۆژهەڵاتییەکە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

بابەتی دواتر

هەوڵەکان بۆ یەکگرتنەوەی حزبەکانی دیموکرات بەردەوامی هەیە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share