وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌: ئۆپەراسیۆنەكەی پێشمەرگە و سوپای عێراق بە سەركەوتویی کۆتاییهات

وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشیان لە سنووری پارێزگای نەینەوا بەسەرکەوتوویی ئەنجامدا و چەند ناوچەیەكیان لەدەستی چەكدارانی داعش پاككردووەتەوە.

لە ڕاگەیەندراوێكدا وەزارەتەكە ئاماژەی بەوەكردووە، “کاتژمێر 6:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە هێزەکانی میحوەری شەشی هێزی پێشمەرگە لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا، ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی سەربازییان دەستپێکرد و هەردوو هێزەکە لەنێوان بۆشاییە ئەمنیەکانی نێوان میحوەرەکانی یەک و دووی ئۆپەراسیۆن بەیەک گەیشتن”.

ڕوونیشیكردەوە، “ئۆپەراسیۆنەکە بە پشتیوانی هێزی ئاسمانیی عێراقی و فڕۆکەکانی هاوپەیمانان لە ناوچەکانی کوشافی سەروو و کوشافی خواروو ئەنجامدرا تیایدا ناوچەکە لە پاشماوەکانی داعش و تیرۆریستان، کە دەکەونە سنووری نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بەتەواوی پشکنران و پاککرانەوە.

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، “بەشێکی تری ئۆپەراسیۆنەکە پاککردنەوەی ئەو دوورگە ناوەندییە دووردەستانە بوون، کە کەوتونەتە سەر زێی گەورە و تیرۆریستان وەک مۆڵگەی خۆیان بەکاریان دەهێنا”.

ئەمە یەکەمین ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقە کە لەو ناوچانە ئەنجامبدرێت، ئەویش دوای رێککەوتنی نێوان هەردوولا لە دروستکردنی بنکەی هەماهەنگی هاوبەشی نێوان هەولێر ـ بەغداد و چوار بنکەی هاوبەشی تر.

بابەتی پێشتر

ئەوقافی هەرێم لەبارەی "دوعاکردن بۆ ئەردۆغان" لە مزگەوتێکدا ڕوونکردنەوە دەدات

بابەتی دواتر

ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی ئاشكراكرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share