لە فێستیڤاڵێكی میوزیكیدا لە شاری هایوستنی ئەمریكا بەهۆی شەڕ و پێكدادانەوە هەشت كەس كوژران و ژمارەیەكی دیكەش برینداربوون.
میدیاكانی ئەمریكا بڵاویانكردەوە، شەوی ڕابردوو فێستیڤاڵی میوزیکیی ئاسترۆ وۆرڵد لە شاری هایوستنی ئەمریكا ئەنجامدرا، پاڵەپەستۆ و پێکدادان لە فێستیڤاڵەكەدا ڕوویداوە کاتێک “جەماوەرەکە بەرەو پێشەوەی کۆنسێرتەکە ڕۆیشتوون و لەوێدا پشێوی دروستبووە و هەشت كەس گیانیان لەدەستداوە”.
هەروەها 17 کەسیش گەیەندراونەتە نەخۆشخانە، كە 11یان کێشەی دڵیان بۆ دروستبووبوو.
ئەو پێکدادانە لەکاتێکدا ڕوویداوە کە هونەرمەندی ڕاپەر (تراڤس سکات) گۆرانی وتووە و زیاتر لە 50 هەزار کەسیش بەشداریی ئەو فێستیڤاڵەیان كردووە، بەهۆی ئەو ڕووداوانەوە ڕۆژی دووەمی فێستیڤاڵەكە هەڵوەشێندراوەتەوە.