کازمی داوای لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی ناوچەی سەوز دەکات.. سەرۆک کۆمار لە ڕووداوەکان نیگەرانە

مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق داوادەکات لێکۆڵینەوەی گشتگیر لە ڕووداوەکانی ئەمڕۆی ناوجەی سەوز دەکات و سەرۆک کۆماریش ڕایگەیاند، “پێکدادانەکانی ئەمڕۆ مایەی نیگەرانییە و ڕەتیدەکەینەوە”.

مستەفا کازمی لەدوای ئاڵۆزییەکانی ناوچەی سەوز لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان ڕایگەیاند، دەبێت لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوانە بکرێت و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بخرێتەڕوو.

کازمی جەختیکردووەتەوە کە دەبێت هێزە ئەمنییەکان بە شێوەیەکی پیشەییانە مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندەراندا بکەن و ڕێزی مافەکانی مرۆڤ بگرن کە حکومەت پێوەی پابەندە.

لەهەمانکاتدا سەرۆک وەزیران داواش لە لایەنە سیاسییەکان دەکات، کە هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکە بدەن و بگەڕێنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ یەکتریدا.

هەر لەبارەی ڕووداوەکانی ئەمڕۆی ناوچەی سەوزی بەغداد بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر ڕایگەیاند، “خۆپیشاندانی ئاشتییانە مافێکی دەستوریە، بەڵام پێویستە لە چوارچێوەی یاسایی و ئاشتیخوازانە دەرنەچێت، ئەو پێکدادانانەی ئەمڕۆ لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەراندا ڕوویدا مایەی نیگەرانییە و ڕەتیدەکەینەوە”.

جەختیکردووەتەوە دەبێت لێکۆڵینەوە لەو توندوتیژییانە بکرێت، ئەوانەشی هۆکاربوون بۆ دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی بدۆزرێنەوە و دەستگیربکرێن، تاوەکو دەستەبەری دووبارەنەبوونەوەی ئەو ڕووداوانە بکرێت.

سەرۆک کۆماری عێراق دەڵێت، “پارێزگریکردن لە ئاسایشی گشتی بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانییە و لەسەر هەمووان پێویستە بەخۆدابگرن و بەرژەوەندیی نیشتمان بخەنە سەروو بەرژەوەندییەکانی دیکەوە”.

بابەتی پێشتر

بایدن: بەمنزیکانە ئەو حەپەی فایزەر بۆ چارەسەری کۆرۆنا بەرهەمیهێناوە بەردەستدەبێت

بابەتی دواتر

گەرمیان.. داعش هێرشێکی بۆسەر پێشمەرگە ئەنجامدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share