وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل “یەپەگە” ڕایگەیاند، ئەوان ئەزمونی شەڕیان لەماوەی ئەو چەند ساڵەی ڕابردوو کۆکردووەتەوە و دەتوانن ڕووبەڕووی سوپای تورکیا بوەستن، ئەگەر بیانەوێت هێرشبکەنە سەر کۆبانێ.
نوری مەحمود، وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل “یەپەگە”، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هاوار نیوز ڕایگەیاند، “تا ئێستا هیچ زانیارییەکمان پێنەگەیشتووە، لەبارەی دانیشتن و ڕێککەوتنی نێوان ڕوسیا و تورکیا لەسەر کۆبانێ، بەڵام ئەگەر ڕێککەوتنی هاوشێوەی عەفرین کرابێت، ئەوا ڕوسیا دژی دروشمەکانی هەنگاو دەنێت”.
وتەبێژی یەپەگە وتوویەتی، “ڕوسیا وانیشانی دەدات، کە پارێزەری خاکی سوریایە، نابێت بۆ هەندێک هاوکێشە بەشێک لە خاکی گەلانی سوریا بدات بەدەستەوە، هیوادارین ڕوسیا ڕۆڵی خۆی بگێڕێت لە پێشخستنی چارەسەری سیاسی پێش سەربازی”.
نوری مەحمود دەڵێت، “هەمیشە پێمان وابووە، ڕوسیا دەوڵەتێکی بەهێزە و دەبێت ڕۆڵی سەرەکی بگێڕێت بۆ ڕێگریکردن لە سیاسەتەکانی تورکیا دژی گەلی کورد، هەرچەندە ئەگەری هەیە هاوشێوەی داگیرکردنی عەفرین، ڕێککەوتنی ژێربەژێر لەنێوان ڕوسیا و تورکیادا هەبێت لەسەر کۆبانێ، بەڵام هەرگیز کۆبانێ بە ئاسانی چۆڵناکرێت”.
ماوەی مانگێکە، تورکیا جارێکی دیکە هەڕەشەی ئەوە دەکات هێرشدەکاتەوە سەر ڕۆژئاوای کوردستان، کوردەکان لە سوریا ترسیان هەیە ڕوسیا ڕادەستکردنی ئیدلیب بگۆڕێتەوە بە داگیرکردنی کۆبانێ لەلایەن سوپای تورکیاوە.