سەرۆكایەتیی پەرلەمان ڕای لایەنەكان لەبارەی دەستوور و هەڵبژاردن وەردەگرێت

دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ سەرۆك فراكسیۆنەكان، پرسی دەستوور، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی و یاسای هەڵبژاردنی تاوتوێكرد، چەند فراكسیۆنێك بایكۆتی كۆبوونەوەكەیان كرد، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیش دەڵێت، سەرۆكایەتیی پەرلەمان داوای كۆكردنەوەی ڕای لایەنەكانی كردووە.

زیاد جەبار، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان لەبارەی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و سەرۆك فراكسیۆنەكان، بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، كۆبوونەوەكە گرنگ بوو، تایبەت بوو بە سێ پرسی گرنگ كە لای فراكسیۆنی یەكێتی و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بابەتی گرنگن و ڕەهەندی نیشتمانییان هەیە و پێویست دەكات هەموو هێزە سیاسییەكان لەسەری ڕێكبكەون.

وتیشی، “بابەتی یەكەم، دەستوورە، كە لە ڕابردووشدا كۆبوونەوەیەكمان لەسەر كردووە و ڕای ئێمە وەك یەكێتی و فراكسیۆنەكەمان بەشێوەی نووسراو و فەرمی داوەتە سەرۆكایەتیی پەرلەمان”.

“یەكێتی پێیوایە دەستوور پێویستە دەستووری هەموو خەڵكی كوردستان بێت و هەموو خەڵك خۆی بەخاوەنی بزانێت و بەشێوەیەك بنووسرێتەوە كە ڕەنگدانەوەی خواست و داخوازییەكانی هەموو خەڵكی كوردستانی تیابێت، نەك تەنها هێزە سیاسییەكان”، وەك ئەوەی زیاد جەبار ئاماژەی پێدا، وتیشی، “دەستوور بە زۆرینە و كەمینە تێناپەریت، بەهۆی ئەوەی ڕەهەندی نیشتمانیی هەیە”.

هەر لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا چۆنیەتیی كاراكردنەوەی لیژنەی ئامادەكردنی ڕەشنووسی دەستوور بۆ ڕاپرسی لەناو خەڵك تاوتوێكراوە.

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی ڕوونیشیكردەوە، “خاڵێكی دیكەی كۆبوونەوەكە پرسی هەڵبژاردن بوو، كە ڕوونە ئێمە لەگەڵ ئەوەین هەڵبژاردن دوانەخرێت و لەكاتی خۆی ئەنجامبدرێت”.

دوا خاڵیش یاسای هەڵبژاردن و چۆنیەتیی پڕكردنەوەی پۆستی كۆمسیاران بوو لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێم، كە بە وتەی زیاد جەبار دەستەی سەرۆكایەتی داوای لە سەرۆك فراكسیۆنەكان كردووە بۆ ئەو پرسانە هەر فراكسیۆنێك ڕای هێزە سیاسییەكەی وەربگرێت و هەریەكەی لای خۆیەوە ڕا و بۆچوونەكان بگەڕێننەوە بۆ پەرلەمان.

بڕیارە كۆبوونەوەی داهاتووی نێوان دەستەی سەرۆكایەتی و فراكسیۆنەكان لە 17ی ئەم مانگە ئەنجامبدرێت.

ناكۆكی و بارگرژییەكانی ئەمدواییەی پەرلەمان لە كۆبوونەوەكەدا ئاماژەی پێدراوە و سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی وتی، “ئارامی و بارودۆخی پەرلەمان قسەی لەسەر كرا و جەختمان كردەوە لەسەر ئەوەی پێویستە لەمەولا كارەكانمان پێكەوە ڕێكبخەین و ئەو گرژییانەی ڕوویانداوە، چارەبكرێن”.

وەك ئاماژەیەكیش بۆ وتەكانی ئەمدواییەی پەرلەمانتاری پارتی جەلال پەرێشان لەناو هۆڵی پەرلەمان و نیگەرانیی فراكسیۆنە جیاجیاكان لەبارەیەوە، ئاشكراشیكرد، “هەموو ئەو گرفتانە چارەكراون و لە كۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمان ڕەنگدانەوەیان دەبێت”.

بابەتی پێشتر

کاتی گەیشتن و پێشکەشکردنی چاڤی لە بەرشلۆنە ئاشکراکرا

بابەتی دواتر

بەشێك لە كاندیدە سەربەخۆكان فراكسیۆنێكیان پێكهێنا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

درۆنێك لە هەولێر خرایە خوارەوە

دوای نزیكبوونەوەی لە ئاسمانی سەربازگەی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە شارۆچكەی هەریر، لەلایەن سیستمی بەرگریی هێزەكانی هاوپەیمانانەوە درۆنێك خرایە…
Total
0
Share