كۆبوونەوەی جی 20 و كۆنگرەی كۆپ 26 چییان پێدەكرێت؟
سەركردەكان ڕەشبینن لەوەی هەسارەی زەوی زیاتر بشێوێنن

لەگەڵ كۆتاییهاتنی كۆبوونەوەی وڵاتانی G20 و دەستپێكردنی كۆنگرەی كۆپ 26دا كە ئامانج لێی دۆزینەوەی چارەسەرە بۆ قەیرانی ئاووهەوا، بەشێك لە سەركردەكانی وڵاتان و پسپۆڕانی ئاووهەوا گەشبین نین بەوەی كۆنگرەكە ئامانجەكانی بپێكێت و وڵاتانی پیشەسازی و تازە گەشەسەندوو بتوانن پابەندببن بەوەی ئاووهەوای زەوی زیاتر نەشێوێنن.

ئەمڕۆ دووشەممە كۆنگرەی كۆپ 26 تایبەت بە ئاووهەوا لە گلاسكۆی سكۆتلاند دەستیپێكرد، 120 سەركردەی وڵاتانی جیهان تیایدا بەشدارن، لەوانە جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا و ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا و نارێندرا مودی سەرۆك وەزیرانی هندستان و سكۆت مۆریسۆن سەرۆك وەزیرانی ئوسترالیا، كە بەرگریكارێكی سەرسەختی بەكارهێنانی خەڵووزی بەردینە و وڵاتەكەی گەورەترین هەناردەكاریەتی لەسەر ئاستی جیهان. ئامانجی ئەو سەركردانە، هەنگاونانە لەپێناو بەرگرتن لە گۆڕانكارییەكانی ئاووهەوا و بەرزبوونەوەی زیاتری پلەی گەرمیی زەوی، بەڵام شی جینگ پینگ سەرۆكی چین و ڤلادیمیر پوتین سەرۆكی ڕوسیا كە وڵاتەكانیان پشكێكی گەورەیان لە تێكدانی ئاووهەوای زەوی و بەرزكردنەوەی پلەكانی گەرمادا بەردەكەوێت، ئامادەی كۆنگرەكە نابن.

ترس لە شكستهێنانی كۆنگرەكە و نەپێكانی ئامانجەكانی

لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی هەسارەی زەویدا كە هۆكارەكەی دەردراوە گازییەكان و چالاكییە پیشەسازییەكانی تری وڵاتانی پیشەسازی و تازە گەشەسەندوون، ئامانجی كۆنگرەی كۆپ 26 دۆزینەوەی چارەسەرە بۆ ئەو دیاردەیە و ڕێگریكردنە لە زیاتر قەتیسبوونی گەرما، ئەویش لەڕێگەی كەمكردنەوەی دەردراوە گازییەكان و پشتكردنە بەكارهێنانی سووتەمەنیی بەردین وەك نەوت و خەڵووز و ڕووكردنە بەكارهێنانی وزەی پاك و نوێبووەوە.

دوێنێ لە پەراوێزی كارەكانی كۆبوونەوەی وڵاتانی G20دا لە ڕۆما، بۆریس جۆنسن سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا هۆشداری دا لە شكستهێنانی هەوڵەكانی بەرگرتن لە گۆڕانكارییەكانی ئاووهەوا و وتی، “گەر كۆنگرەی گلاسكۆ شكستبهێنێت، هەموو شتەكان شكستدەهێنن”.

جۆنسن ڕایگەیاند، “لە كۆبوونەوەی وڵاتانی G20دا بەرەوپێشچوونمان بەدەستهێناوە، بەڵام بەپێی پێویست نییە”.

هاوكات ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بێهیوایی خۆی نیشاندا لە ڕێوشوێنەكانی تایبەت بە ئاووهەوا و لە تویتێكدا نووسیویەتی، “پێشوازی دەكەم لە جارێكی تر پابەندبوونی كۆمەڵەی بیست بە دۆزینەوەی چارەسەر لەسەر ئاستی جیهان، بەڵام ڕۆما بە كۆمەڵێك هیوای تێكشكاوەوە بەجێدەهێڵم”.

بەشدارینەكردنی سەرۆكانی چین و ڕوسیا و بەرازیل كە ئەمەی دوایینیان تۆمەتباردەكرێت بەوەی ڕێگەی داوە ژمارەیەكی زۆری دارەكانی دارستانی ئەمازۆن ببڕدرێنەوە، نیگەرانی هێناوەتەئاراوە بەوەی هەوڵەكان لەپێناو ڕێگەگرتن لە زیاتر تێكچوونی ئاووهەوا نەگەن بە ئاكام.

یەكێك لەوانەی ترسی خۆی لەو بوارەدا نیشانداوە، جێنیفەر مۆرگەن بەڕێوەبەری جێبەجێكاری ڕێكخراوی “گرینپیس”ـە، ئەو دەڵێت، “ئەگەر كۆبوونەوەكەی وڵاتانی G20 ئامادەكاریكردن بۆ كۆپ 26 بووبێت، ئەوا سەركردەكانی جیهان دەرفەتەكەیان لەدەست دا”.

جێنیفەر مۆرگەن لەگەڵ ئەو ڕەشبینییەیدا، جەختیكردەوە كە لە گلاسكۆ جموجۆڵی پێویست دەسەپێنن لەپێناو پاراستنی زەوی لە قەیرانی ئاووهەوا و پەتای كۆڤید- 19″.

جگە لە بەڕێوەبەری جێبەجێكاری ڕێكخراوی “گرینپیس”، فریدریك ڕودەر جێگری سەرۆكی ڕێكخراوی “غلوباڵ سیتیزن” گەشبین نییە و دەڵێت، “هەموو ئەوەی لە كۆبوونەوەی G20دا بینیمان، زیاتر نیوەڕێوشوێنن وەك لەوەی هەنگاوی بەرجەستەكراوبن”.

لای خۆیەوە جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا ڕەخنەی لە بەشدارینەكردنی هەردوو سەرۆكی چین و ڕوسیا لە كۆنگرەكەدا گرت و ڕایگەیاند كە ئامادەنەبوونی چین و ڕوسیا بێهیوای كردووە.

بایدن وتی، “هیچ شتێك جێگەی دوانوستاندنی بەرەوڕوو ناگرێتەوە لەپێناو هاوكاریی جیهانی، چین و ڕوسیا دیارنەبوون كاتێك بابەتەكە هاتەسەر پەیماندان بە پابەندبوون بەرامبەر بە ئاووهەوا”.

هۆشدارییەكی تر لە مەترسییەكانی گۆڕانی ئاووهەوا لەلایەن پاتریسیا ئیسپینۆزا بەرپرسی ژینگە لە نەتەوە یەكگرتووەكان درا، ئیسپینۆزا ڕایگەیاند، “مرۆڤایەتی بەرەوڕووی بژاردەی ئەستەم بووەتەوە، بەڵام بژاردەی ڕوونن”.

بابەتی پێشتر

بەرازیل.. 25 ئەندامی باندێكی دزینی بانكەكان كوژران

بابەتی دواتر

تورکیا.. یاسای نوێی تیرۆر هیچی وا بۆ ڕێكخراوە مەدەنییەكان ناهێڵێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share