دوو فیلم لە فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی كشێندرانەوە

کۆمینی فیلمی ڕۆژئاوای کوردستان لەبارەی “قەدەغەکردنی نمایش”ی فیلمی ‘ژ بۆ ئازادیی’ لە “فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتیی سلێمانی” ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و كشانەوەی دوو فیلمی لە فێستیڤاڵەكە ڕاگەیاند.

ڕاگەیەندراوەكە دەڵێت، پێشتر نمایشكردنی فیلمی ‘ژ بۆ ئازادیی’ لە سلێمانی قەدەغەكراوە، بەڵام فێستیڤاڵەكە بە پاساوی ئەوەی مێژووی بەرهەمهێنانی فیلمەكە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2019، نمایشكردنی فیلمەكەی قەدەغەكردووە، لەكاتێكدا ڕێكخەرانی فێستیڤاڵەكە خۆیان داوای نمایشكردنیان كردبوو.

بەپێی ڕاگەیەندراوەكەی “کۆمینی فیلمی ڕۆژئاوای کوردستان”، ڕاگرتنی نمایشی فیلەمەکە لە “فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتیی سلێمانی”دا، پەیوەستە بەو بڕیارەی پێشتر بۆ قەدەغەكردنی فیلمەكە لە سلێمانی هەبووە، نەك مێژووی بەرهەمهێنانی فیلمەكە.

وەك كاردانەوەیەك بەرامبەر بە بڕیارەكەی دەزگای “فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتیی سلێمانی”، کۆمینی فیلمی ڕۆژئاوای کوردستان بڕیاری دا هەردوو فیلمی ‘ژ بۆ ئازادی’ و ‘وەرزی تووتڕک’ لە فێستیڤاڵەكە بكشێنێتەوە.

ڕاگەیەندراوەكەی کۆمینی فیلمی ڕۆژئاوای کوردستان:-

ڕاگرتنی نمایشی فیلەمەکە چەند کاتژمێرێک بەر لە نمایشکردنی فیلمەکە بڕیاری لەسەردرا، نە هیچ پاساوێکی ڕاست لەسەر ئەو قەدەغەکردنە بە ئێمە درا، نە ڕێکخەرانی فێستیڤاڵەکەش هیچ ڕاگەیەندراوێکی فەرمییان لەوبارەیەوە بڵاوکردەوە، بۆیە ئێمە دەمانەوێت هەموو ڕاستی و پەرەسەندنەکانی ئەو بابەتە بڵاوبکرێنەوە.

ئێمە لە ساڵی 2019 کاری بەرهەمهێنانی فیلمەکەمان کۆتاییپێهێناوە، هەمان ساڵ لە یەکەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلم لە کالکۆت نمایشکراوە، بۆ نمایشکردنی یەکەمیشی لە کوردستان سلێمانی و ڕمێلانمان هەڵبژارد، بڕیاربوو شەوی 31ی 12ی 2019 لە سلێمانی نمایشبکرێت، بەڵام لەلایەن پارێزگار و ئاسایشی سلێمانییەوە نمایشکردنی فیلمەکە قەدەغەکرا.

تا ئێستا لە 20 فێستیڤاڵی جیهانیی فیلمەکە نمایشکراوە، جگە لەوەی لە نزیکەی 30 وڵاتی جیهان نمایشکراوە، بەتایبەت لە ژاپۆن، بەرازیل، تایوان و ئیسپانیا و چەندین وڵاتی دیکە نمایشکراوە و لە هەندێک لە فێستیڤاڵەکانیشدا خەڵاتی وەرگرتووە، بەبێ ئەوەی ڕووبەڕووی هیچ فشار و قەدەغەکردنێک ببێتەوە.

هەردوو فیلمی ‘ژ بۆ ئازادی’ و ‘وەرزی تووتڕک’ لەسەر داوای ڕێکخەرانی فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی بەشدارییان پێکراوە لە فێستیڤاڵەکەدا، لە مانگی 10ی ئەمساڵەوە ئێمە لە کۆمینی فیلمی ڕۆژئاوا و ڕێکخەرانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی لە پەیوەندیدابووین، لەسەر داوای ڕێکخەرانی فێستیڤاڵەکە داوایان کرد هەرسێ فیلمی ‘ژ بۆ ئازادی’ لە دەرهێنانی ئەرسین چەلیک، ‘وەرزی تووتڕک’ لە دەرهێنانی هاشم ئایدەمیر و دۆکیۆمێنتاری ‘عەشق لە قڕکردندا’ لە دەرهێنانی شێرۆ هندی بەشداری لە فێستیڤاڵەکەدا بکەن و ئێمەش قبوڵمانکرد و بەوشێوەیەک کەوتنە بەرنامەی فێستیڤاڵەکەوە.

ڕێکخەرانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی ئاگایان لەوە هەبوو پێشتر فیلمەکە لە سلێمانی نمایشکردنی قەدەغەکراوە، ئەمەش لە کۆبوونەوەکانماندا باسکراون، بەڵام ئەوەشمان پێوتوون کە فیلمەکە لە عێراق بۆ خەڵک نمایشنەکراوە و هەتا بەشداری لە فێستیڤاڵەکەش دەکات نمایشناکرێت، ئەوەش بەپێی مەرجەکانی فێستیڤاڵەکە.

پاساوی ڕێکخەرانی فێستیڤاڵەکە بۆ نمایشنەکردنی فیلمەکە ئەوەبووە، کە ئەو فیلمە ساڵی 2019 بەرهەمهاتووە، لەبەر ئەوە بڕیاریاندا فیلمەکە لە پێشبڕکێی فێستیڤاڵەکە دەربهێنن، دواتریش وتیان کە بەهیچ شێوەیەک ناتوانین نمایشیبکەین.

هەڵبەت ڕاستیی هۆکارەکەی ئەوە نییە، ئەگەر ئەمە ڕاستەوخۆش نەوترابێت، بەڵام لە ساتی یەکەمەوە لێیتێگەیشتین، چونکە وەک لە سەرەوەش ئاماژەمان پێداوە؛

یەکەم: ئێمە داوامان نەکردووە فیلمەکە بکەوێتە فێستیڤاڵەکەوە، بەڵکو ڕێکخەرانی فێستیڤاڵەکە خۆیان داوایانکردووە فیلمەکە بەشداریبکات.

دووەم: ڕێکخەرانی فێستیڤاڵەکە دەزانن کە فیلمەکە لە کۆتایی ساڵی 2019 لە سلێمانی قەدەغەکراوە، بۆیە چۆن دەبێت فیلمەکە ساڵێک دوای ئەوەی قەدەغەکراوە نمایشبکرێت، بەرهەمهاتبێت!

سێیەم: بەشداریکردنی فیلمەکان لەسەر پلاتفۆرمی “filmfreeway” دەبێت، لەوێ بەهیچ شێوەیەک باسی مێژووی بەرهەمهێنانی فیلمەکان نەکراوە، لە کۆبوونەوەکانیش لەگەڵ ئێمە بەهیچ شێوەیەک باسی ئەمە نەکراوە.

چوارەم: لە بەشەکانی دیکەی فێستیڤاڵەکە فیلم هەن کە مێژووی بەرهەمهێنانیشیان بۆ ساڵی 2019 دەگەڕێتەوە و نمایشیش دەکرێن.

ئێمە لە گفتوگۆکانی دوێنێشدا بە ڕێکخەرانی فێستیڤاڵەکەمان وت کە ئێمە کێشەمان نییە ئەگەر فیلمەکەش لە پێشبڕکێ دەربهێندرێت، بەو مەرجەی نمایشکردنی ڕانەگیرێت، بەڵام بەهیچ شێوەیەک زەمینەی چارەسەرکردنیان نەڕەخساند، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە هەمان ئەو ڕۆژە هەندێک پەرەسەندن دروستبوون، هەروەها لە شوێنی فێستیڤاڵەکەش زانیاریی هەبوو کە لە دەرەوەوە فشار دروستکراوە بۆ ئەوەی نمایشکردنی فیلمەکە ڕابگیرێت.

ئێمە وەک کۆمینی فیلمی ڕۆژئاوای کوردستان ئەو هەڵسوکەوتانە ڕەخنە و شەرمەزار دەکەین، کە دوورن لە ئادابی هونەری و سینەماییەوە، پاش گفتوگۆکردنیشمان لەگەڵ ستافی بەرهەمهێنەرانی فیلمەکان بڕیارماندا بە کشاندنەوەی هەردوو فیلمی “وەرزی تووتڕک و ژ بۆ ئازادیی لە فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی”.

لە کۆتاییشدا داوا لە ڕێکخەرانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سلێمانیی دەکەین، ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی لەبارەی ئەو بابەتەوە بڵاوبکەنەوە و بابەتەکە بۆ ڕایگشتی و هونەرمەندان و میوانانی فێستیڤاڵەکە ڕوونبکەنەوە.

بابەتی پێشتر

تاکە باڵندە کە دەتوانێت بە ئاراستەی دواوە بفڕێت

بابەتی دواتر

ئایدن مەعروف داوای جێبەجێکردنی یاسایەك دەكات، كە ڕێگری دەكات لە گۆڕینی ‏دیمۆگرافیای هەرێم

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

دیزاینی ناوماڵی کلاسیک

دیزاینی ناوماڵی کلاسیک، لە دیزاینی ناوماڵی یۆنانی و ڕۆمانییە کۆنەکانەوە هاتووە. ئەم جۆرە دیزاینکردنە پابەندە بە ڕێکوپێکی و…
Total
0
Share