لەسەر هێرشەکەی شەوی ڕابردووی چەکدارانی داعش کە دوو پێشمەرگەی تێدا شەهیدبوون، حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، جەختدەکەنەوە لەسەر پێویستیی زیاتر هاوکاریكردن لەگەڵ حکومەتی ناوەندی.
حکومەتی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، “هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەلماندوویەتی تاکە هێزی متمانەپێکراو و پارێزەری دانیشتووانی ئەم ناوچانەیە و ئەو ھێزەیە کە لە ھەر جێگایەکدا بێت ڕێکخراوی تیرۆرستیی داعش ناتوانێت تێیدا بمێنێتەوە، بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختدەکاتەوە لە گرنگی و پێویستیی زیاتری هاوکاری و هەماهەنگی لەنێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش”.
ئاماژە بەوەشکراوە، “هێرشە بەردەوامەکانی داعش لەو ناوچانە دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە هێشتا ئەو ڕێکخراوە تیرۆرستییە ھەڕەشەیە لەسەر تەواوی عێراق و پێویستە هەموولایەکمان کاربکەین بۆ ڕیشەکێشکردن و کۆتاییهێنان بەو هەڕەشەیە”.
شەوی ڕابردوو لە هێرشێکی چەکدارانی داعشدا لە ناوچەی زوڕگەزراو لە سنووری میحوەری کەرکوک دوو پێشمەرگە بەناوەكانی “خالید حەمید هەیاس و ئاکۆ کەریم قادر” شەهیدبوون.